Serhat Bağbars,Muhammet Ali Kemal
11 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2017
ئیستانبوڵ - AA
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، ناسراو بە یوفا سزای یاریزانی یانەی مارسیلیای فەڕەنسی، پاتریس ئێڤرای دا و یارییکردنی لە سەرجەم ئەو یارییانەدا تا رۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لێ قەدەغەکرد کە لە یەکێتییەکە بۆ یانەکانی ئەورووپای رێکدەخات.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن یەکێتییەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە بەهۆی ئەوەی پاتریس ئێڤرا بەر لە دەستپێکردنی یاریی یانەکەی لەبەرامبەر یانەی ڤیتۆریا گویمارێس لە هەفتەی ٤ی خولی ئەورووپیدا، بە شەق هێرشی کردووەتە سەر هاندەرێک و کارتی دووری وەرگرتووە، رێگریی لێدەکرێت بەشداریی لە هەر یارییەکدا تا رۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨ بکات لەمیانی ئەو پاڵەوانێتییانەی کە لە لایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپاوە سازدەکرێت.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە لەپاڵ ئەو سزایەدا، سزای پێبژاردن بە بڕی ١٠ هەزار یورۆ بەسەر ئێڤرادا سەپێنراوە.
لەدوای ئەو سزایەش، یانەی مارسیلیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە بە رێککەوتن لەگەڵ ئێڤرا، گرێبەستەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
هەفتەی پێشووش یانە فەڕەنسییەکە، ئێڤرای بەهۆی ئەنجامدانی ئەو هەڵسوکەوتە بەر لە دەستپێکی یارییەکەیان لەبەرامبەر ڤیتۆریا گویمارێس، لە ریزەکانی دوورخستبوویەوە.
هاوکات بەهۆی رووداوە جۆراوجۆرەکانی نێو یارییەکە، یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا سزای پێبژاردنی بە بڕی ٢٥ هەزار یورۆ بەسەر مارسیلیادا و بە بڕی ٥ هەزار یورۆ بەسەر ڤیتۆریا گویمارێسدا سەپاند.