hemn husain
26 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2016
بە مەبەستی رێزگرن لە خەبات و تێکۆشانی شەھید مەغدید ھەرکی و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە، لە شاری ھەولێر مەڕاسیمێک بۆ چلەی ماتەمینی ئەو ئەو فەرماندەیە و ھاوسەنگەرەکانی بەڕێوەچوو
لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵلا بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەهید و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی و سەربازی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، رێورەسمی چلەی شەهید مەغدید هەرکی و هاوسەنگەرەکانی بەڕێوەچوو کە تێیدا پەردە لەسەر پۆرترێتی شەهید هەڵدرایەوە و چل دانە مۆمییان بەم بۆنەیەوە داگیرساند.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانی تیشکی خستە سەر شۆرش و خەبات و رۆڵی هێزی پێشمەرگە لەبەرامبەر دوژمنان و ئاماژەی بە خەبات و شانازی ئەو شەهیدە و هاوسەنگەرەکانی کرد و رۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بەرز نرخاند.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا ژیاننامەی شەهید خوێنرایەوە کە لە ساڵی 1969 لە گەڕەکی ئیسکانی شاری هەولێر لە دایکبووە و لە ساڵی 1985 و لە تەمەنێکی زۆر بچووک لەگەڵ برایەکانی پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووەپلەکانی سەربازی بڕیووە و لە کاتی شەهیدبوونیشی پلەی سەربازی عەمید بووە.
جێی ئاماژەیە عەمید مەغدید ھەرکی، یەکێک بوو لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥، لە شەڕێکی قورس بەرامبەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە کاتی بەرگریکردن لە گەل و نیشتمان لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان لە چیای زەرتک شەهیدبوون.