Rawan Subhi Obaiullah
03 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2023
دھۆک - AA
زۆرێک لەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆکدا دەژین، دەیانەوێت خۆیان بژێوی ژیانی خێزانەکانیان دابین بکەن، ئەوان رۆژانە کاتژمێر شەشی بەرەبەیان بەمەبەستی کارکردن دەچنە دەرەوەی کەمپەکە، ژن و پیاو بەیەکەوە تا دوای ئێوارە کار دەکەن.
کرێکارەکان لەڕێگەی بەڵێندەرەکانەوە دەبرێنە سەر کارەکانیان، موراد حەتو کە یەکێکە لە بەڵێندەرەکان، ٧٠ دۆنمی زەوی کردووە بە تەماتە و رۆژانە زیاتر لە ٨٠ کرێکاری ئاوارەی شنگال دەباتە سەر کار.
بەپێی قسەی موراد حەتو، زیاتر لە پێنج بنەتۆوی تەماتەیان تاقی کردووتەوە بۆ ئەوەی بنەتۆیەکی باش ھەڵبژێرن، ئێستا بنەتۆیێکیان ھەڵبژاردووە کە بەرگەی پلەی گەرما بەرز دەگرێت و تامی خۆشە و زوو تێکناچێت و بەبێ ئامیری ساردکەرەوە لە وەرزی ھاویندا بەرھەمی تەماتە دەنێرنە پارێزگاکانی خوارووی عێراق.
ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر لە کاتی گەیشتنی بەرھەمی تەماتە حکوومەت قەدەغە بخاتە سەر ھاوردەکردنی ئەو بەرھەمە، ئێمە سوودی دارایی لێ دەبینین، بەڵام ئەگەر ھاوکاریمان نەکرێت لە ساغکردنەوەی بەرھەمەکە زیانمان پێ دەکات، بەداخەوە ساڵی ٢٠١٩ زیانێکی زۆرمان پێگەیشت و قەرەبووش نەکراینەتەوە".
عادل شنگال (٤٥ ساڵ)، خەڵکی شنگالە و لە کەمپێکی سنووری پارێزگای دھۆک نێشتەجێیە و ماوەی زیاتر لە ھەشت ساڵە لە سنووری زەوییەکانی قەزای شێخان دەستی بە چاندنی تەماتە کردووە، سەرەتای مانگی پێنج دەچنە سەر کار و نەمامی تەماتە دەچێنن، بەو شێوەیە بژێویی خێزانەکەیان دابین دەکەن.
عادل شنگالی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتژمێر شەشی بەرەبەیان لە کەمپەکان دەچینە دەرەوە تاوەکو شەشی ئێوارە بۆ ئەوەی دەست بە چاندنی نەمامی تەماتە بکەین، ئێمە خێزانێکی شەش کەسیین ناچارین ئیش بکەین، پێشتر رێکخراوەکان ھاوکارییان دەکردین، ئێستا کەس ھاوکاریمان ناکات. لە شنگال ئەو ئیشەمان دەکرد، چل دۆنم زەویمان ھەبوو، دەمانکردە تەماتە، سوودێکی زۆرمان لێ دەبینی، بەڵام لێرە لە زەوییەکانی شاریا، زەوییەکە بە نیوە دەکەین، نیوەی بەرھەمەکە بۆ ئێمەیە نیوەی تر بۆ خاوەن زەوییەکە، ئەگەر دۆخی ئەمنی شنگال ئارام بوایە دەگەڕاینەوە و دەستمان بە چاندن دەکرد، بەڵام بەداخەوە نزیکەی نۆ ساڵە کێشەی ئەمنی شنگال ھەر چارەسەر نەبوو".
ژنێکی ئاوارە بە ناوی نەعام خەیری ئاماژە بەوە دەکات لە کاتی بەیانییان کە بۆ کار لە کەمپەکە دەردەچێت، دڵی ھەر ڵای منداڵەکانە، چونکە تەمەنیان بچووکە و ترسی ھەیە خیوەتگاکە بسووتێت، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئێمە بە ناچاری دێین لەبەر ئەم گەرمایە ئیش دەکەین، پشتم دێشێ و ماندوو دەبین، بەڵام ھیچ چارەسەرییەک نابینین دەبێت کار بکەین، زیاتر لە دوو ساڵە رێکخراوەکان وەکو پێویست ھاوکارییەکان وەستاندووە، ھیوادارین لە ژیانی کەمپەکان رزگارمان بێت و بگەرێینەوە سەر زێدی خۆمان".
رۆژانە لە سنووری کەمپەکانی دهۆک زیاتر لە ھەزار ئاوارەی شنگال، لەنێو کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری پارێزگاکە کار دەکەن و زیاتر تەماتە، خەیار، شووتی و ترۆزی بەرھەم دەھێنن.