Rawan Subhi Obaiullah
06 ئەیلوول 2025•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2025
دهۆک - AA
بەرگریی شارستانی زاخۆ ڕایگەیاند، بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپێکی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زیان بەر چەند خێوەتێک کەوتووە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی زاخۆ بڵاوی کردەوە، کاتژمێر ٧:٢٠ خوولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئاگادار کراونەتەوە لە کەوتنەوەی ئاگرێک لە دوو خێوەتی کەمپی بێرسڤێ دوو لە ناحیەی دەرکار. دەستبەجێ تیمەکانی بنکەی بەرگریی شارستانی دەرکار گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، توانیویانە ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن و ڕێگری بکەن لە تەشەنەسەندنی بۆ خێوەتەکانی دیکەی کەمپەکە".
بەرگریی شارستانی زاخۆ جەختی لەوە کردەوە کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی ماددی بەر دوو خێوەتەکە کەوتووە. هاوکات لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستی پێ کردووە.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چوار کەمپی ئاوارەکانی شنگال ھەن، کەمپی بێرسڤێ یەک، کەمپی بێرسڤێ دوو، کەمپی دەرکار و کەمپی چەم.