Hemin Othman Mohammed
18 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2023
سلێمانی – AA
ئێوارەی ئەمڕۆ، ئاگرێکی گەورە چیای پیرەمەگرونی لە شارۆچکەی پیرەمەگرونی سەربە پارێزگای سلێمانی گرتەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی، رائید ئارام عەلی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێک چیای پیرەمەگرونی گرتووەتەوە و لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی کوژاندنەوەین.
رائید ئارام ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا تیمەکانیان دوو جار ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام بەهۆی ڕەشەباوە سەرهەڵدەداتەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو کە ئاگرەکە تەنیا پووشوپاوانی ناوچەکەی گرتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و تیمەکانیان بێ وچان کار دەکەن بۆ کوژاندنەوەی.
هەروەها گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی باسی لەوە کرد کە هێشتا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و ئەو ڕووبەرەی سووتاوە دیار نییە و، پاش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەو ڕووبەرەش دیاری دەکەن کە زیانی بەرکەوتووە و سووتاوە.
چیای پیرەمەگرون لە شارۆچکەی پیرەمەگروون دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی.