Heman Husseın Yaseen
23 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە پاراستنی مافی پێکهاتەکان بە مانای پاراستنی عێراق و هەرێمی کوردستان دێت.
ئایدن مەعروف لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف گوتی: "پێداگری لەو پێکەوە ژیانە ئاشتیانەی نێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ناو ھەرێمی کوردستان لە کورد، تورکمان، کلدان، ئاشووری، سریانی، ئەرمەنی، عەرەب، موسڵمان، ئێزدی، مەسیحی، کاکەیی، مەندایی و زەردەشتی دەکەین و ئەو تایبەتەمەندییەی ھەرێم دەپارێزین و بەھێزتری دەکەین".
ئایدن مەعروف لەبارەی ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی: "یەکێک لە خاڵەکانی هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاراستنی مافی پێکهاتەکانە و لەسەر ئەو بنەمایەش وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دیاریکرا، لەوکاتەی دەستبەکاربووین تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەمان لەگەڵ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان هەبووە کە زیاتر کۆبوونەوەی راوێژکاریی بووە، بە دڵنیایییەوە دۆسیەیەکی تایبەت بە کاروباری پێکهاتەکان لەم قۆناغەدا گرنگە و پاڵپشتییەکە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ بە گشتیی، هەر بۆیەش لەمیانی کۆبوونەوەکاندا، پێکهاتەکان داواکارن کە بەشداری لە پەرلەمان بکەن و جەختیان لە پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کردۆتەوە".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتیشی: "لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پاراستنی مافی پێکهاتەکان، باسی پێکهاتەکان کراوە کە تورکمان، کلد-ئاشووریی و سریانییە، هەروەها پێکهاتە ئایینییەکانیش بریتییە لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەهائی و سابیئە بێگومان لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورە هەیە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان و ئەو پاڵپشتییەش لە پراکتیکدا رەنگدانەوەی هەیە".
ئایدن مەعروف لەبارەی پەیامی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەبارەت بە پێکەوەژیان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان گوتی: "پاراستنی مافی پێکهاتەکان بە مانای پاراستنی عێراق و هەرێمی کوردستان دێت، چونکە بوونیان گرنگە و ئێمەیش داواکاریین لە حکوومەتی عێراق و رێکخراوەکان کە زیاتر گرنگی بە ژیانی ئەو پێکهاتانە بدەن و بێگومان ئەوە خواستی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشە".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە داواکاریی پێکهاتەکان کاری جددی لەسەر دەکرێت و ئاشکرایشی دەکات کە کۆنفرانس و کۆبوونەوەی تایبەت بەم پرسە ئەنجام دەدەن و لەمبارەیەوەشەوە گوتی: "هەرچەندە ئێستا سەرەتایە، ئەم پێکهاتانە گرنگن لە هەرێمی کوردستان، بە دڵنیایییەوە داواکارییەکانیان کاری لەسەر دەکرێت و هەر پڕۆژەیەک تایبەت بێت بە پێکهاتەکان کاری لەسەر دەکەین و کۆنفڕانسی تایبەت بۆ ئەم بابەتە ئەنجام دەدەین و دەتوانین پەیامەکانیان بگەیەنین بە سەرۆکایەتی حکوومەت".
رۆژی یەکشەممە ١٢ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان رۆژانی بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەی تورکمانی پەسەند کرد کە تیایدا رۆژی ٢٥ی شوباتی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی رۆژنامەگەریی و ١٧ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی کولتووری تورکمان ناساند، سەبارەت بە ناساندنی بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف گوتی: "پەسەندکردنی ئەو دوو رۆژە بۆ نەتەوەی تورکمان گرنگ بوو، هەوڵدەدەین هەموو پێکهاتەکان بۆنەی تایبەتیان هەبێت، ئێستا کریستیان و ئێزدی بۆنەی تایبەتیان هەیە و هەوڵ دەدەین بۆ هەر پێکهاتەیەک رۆژێکی تایبەت دیاری بکرێت".