Zana Natık Kerem
16 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
ھێزەکانی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکیان، بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە قەزای تارمییە باکووری پارێزگای بەغدا ناوەڕاستی عێراق، دەست پێ کرد.
دەستەی راگەیاندنی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ھێزەکانی لیوای ١٢ی سەربە حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینیان لە ژمارەیەک ناوچەی قەزای تارمییە دەست پێ کردووە.
روونیشی کردووەتەوە کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە لە ناوچەکانی دەورووبەری قەزای تارمییە.
قەزای تارمییە، یەکێکە لەو قەزایانەی کە رووی ئەمنییەوە ھەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئەوەیش وەک فەرماندە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی رایانگەیاندووە کە شانە نووستووەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەکانی دەورووبەری قەزاکە خۆیان حەشارداوە.
تیرۆریستانی داعش لە ئابی ساڵی رابردوودا، پەلاماری بارەگای لیوای ١٢ی حەشدی شەعبیان دا لە قەزای تارمییە کە بەھۆیەوە فەرماندەی لیوایەکە و دوو چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و ھەشت چەکداری دیکەیش برینداربوون.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.