Abdullah Abdulmanaf Shukur
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
حکوومەتی عێراق تا ئەمڕۆ بەمەبەستی کۆکردنەوەی چەک لەدەست دەوڵەتدا، چەندین بڕیاری پەیوەندیداری بەم پرسەی دەرکردووە و ھەنگاوی پێداگری ناوە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام سەرەڕای گرتنبەری چەندین رێکاری پێویست، نەتوانراوە ئەم دیاردەیە لەناو ببرێت و تا ئێستاش لە بازاڕەکانی عێراق بە ئاشکرای مامەڵە بە چەندین جۆری چەکەوە دەکرێت.
- ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی دیاردەی ھەڵگرتنی چەکی نایاسایی و سەرچاوەی دەستەبەرکردنی چەکەکان
دیاردەی کڕین و فڕۆشتنی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی ئێجگار مەترسیدار و بازرگانیکردن بە چەک زۆر بەئاسانی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، ھاوکات بوونی چەندین بازاڕی فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەت لە سەرجەم شارەکانی عێراق شتێکی شاراوە نییە بە جۆرێک کە لەم بازاڕانەدا، ھەر جۆرە چەکێکت بوێت دەستدەکەوێت و سەرجەم دووکانەکانی فرۆشتنی چەک لەو شوێنانەش بێ مۆڵەتی یاسایین.
تا ئێستا لەناوخۆی عێراق ئامارێکی فەرمی تەواو لەبارەی ژمارەی بڵاوبوونەوەی دیاردەی ھەڵگرتنی چەکی سووک و مامناوەند و ژمارەی چەکەکان لە ئارادا نییە، بەڵام دیاردەی بوونی چەکی نایاسایی و بێ مۆڵەت شتێکی نوێ نییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا، بە تایبەتی لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن ژمارەیەکی زۆری چەکی سوپای ئەو کاتە کەوتە دەست ھاووڵاتییان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی سوپا و پۆلیس کەوتە بازاڕی رەشەوە، هەر لە قۆناغێکی دیکەدا دوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا شاری مووسڵی کۆنترۆڵ کرد، دەستی بەسەر ژمارەیەکی ئێجگار زۆر پارچە چەک و تەقەمەنی حکوومەتی عێراقدا گرت و جارێکی دیکە چەک لەژێر دەسەڵاتی سوپا دەرچوو و کەوتە ژێردەستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، تەنانەت هاووڵاتییانی ئاساییش.
عێراق لە پاڵ یەمەن، سووریا، لیبیا و سۆماڵ یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین دیاردەی ھەڵگرتنی چەکی نایاسایی و بێ مۆڵەت لەنێو ھاووڵاتییانیدا دەبینرێت، بە جۆرێک کە حکوومەتی عێراق پێشبینی دەکات حەوت ملیۆن پارچە چەک تەنھا لە دەست ھۆزەکاندا ھەبن.

- شەڕ و پێکدادانی مەزھەبی
لە چەندین ساڵی رابردوودا لەگەڵ لاوازبوونی دۆخی ئەمنی، سەرھەڵدانی دیاردەی کوشتن بەھۆی جیاوازی مەزھەبی، زۆربوونی تاوانەکانی کوشتن، رفاندن و دزیکردن لە عێراق، ھاووڵاتییان ناچار بوون بەمەبەستی خۆپارستن رووبکەنە کڕینی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی لە بازاڕەکان کە بوونەتە ناوەندێکی گەورەی دەستەبەرکردنی چەکی سووک و قورس. لە پاڵ ئەمەش ھاتنی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و داگیرکردنی بەشێکی ناوچەکان دۆخی ئەمنی لە عێراق لاوازتر کرد و بووە پاڵنەرێکی کاریگەر بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان مامەڵە بە چەکی بێ مۆڵەتەوە بکەن. ھەموو ئەم ھۆکارانە وایکرد کە ئەم دیاردەیە روو لە زیادبوون بکات و بەشێوەیەکی نەرێنی کاربکاتە سەر ژیانی خەڵکی مەدەنی و لەکەدارکردنی شکۆی دەوڵەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراق.
- قوربانییانی چەکی نایاسایی و بێ مۆڵەت
ھەرچەند ھیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی قوربانییانی چەکی نایاسایی لە عێراقدا بوونی نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، ھەزاران ھاووڵاتی لە سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگا بووبن بە قوربانی ئەم دیاردەیە، هاوکات بوونی ھەموو جۆرە چەکێکی سووک و قورس بە دەست ھۆزەکان دۆخەکەی قورستر کردووە و ھەندێکجار بەھۆی دروستبوونی ناکۆکی و شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھۆزەکاندا، کوژرا و برینداری زۆر کەوتووەتەوە، تەنانەت ھێزەکانی ئەمنیش نەیانتوانیوە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
- دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆکردنەوەی چەک
لە ماوەی رابردوودا بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی و گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی کابینەی حکوومەتەکەی پەیوەندیدار بە کۆکردنەوەی چەکی نایاسایی و بێ مۆڵەت، فەرمانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی لە چەند شارێک بە تایبەتی لە ھەردوو شاری بەغدای پایتەخت و بەسرە دەرکرد.
لە چواری ئەیلوول واتا دوو رۆژ لەدوای لێدوانەکانی مستەفا کازمی لەبارەی پلانەکانی حکوومەت بۆ چەسپاندنی قەڵەمڕەویی دەوڵەت و رێزگرتن لە یاسا، فەرماندەیی ھێزە ھاوبەشەکان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لەو دوو شارە (بەغدا و بەسرە) دەستپێکرد بەمەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوان و کۆنترۆڵکردنی چەکی لەدەستدەرچوو.
- جۆری ئەو چەکانەی دەستیان بەسەرداگیراوە
لەبارەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی ھێزە ئەمنییەکان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، یەحیا رەسول رایگەیاند کە ھێزە ئەمنییەکان دەستیان گرتووە بەسەر چەندین جۆری چەک لە بی کەی سی، کلاشینکۆف، دەمانچە، بۆمبی دەستی، ئامێری پەیوەندیکردن و مەخزەنی تفەنگ.

- ئامارەکانی پەیوەندیدار بە ھەبوونی چەکی نایاسایی و بێ مۆڵەت
بەپێی ئەو راپۆرتەی کە لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن دەزگای "لێکۆڵینەوە لە چەکی سووک" کە ناوەندەکەی لە سویسرایە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو چەکە بێ مۆڵەت و مۆڵەتدارانەی لەدەست ھاووڵاتییانی عێراقدایە، گەیشتووەتە حەوت ملیۆن و ٥٨٠ ھەزار پارچە چەک، ھاوکات ئاماژە بەوەشکراوە کە ٢٠ پارچە چەک لە دەست ھەر ١٠٠ کەسێکدایە و بەمەش عێراق لەمبارەیەوە گەیشتووەتە ریزبەندی ھەشتەم لەسەر ئاستی جیھان .
لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی ئامارەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان زیاتر لە یەک ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت لە دەست خەڵکدایە، ئەوەی تا ئێستاش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆکردنەوەی چەک دەستیان بەسەرداگرتووە کەمترە لە ٢٥٠ ھەزار پارچە چەک.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بڵاوکراوەتەوە تەنها لە گەڕەکەکانی شەعب، حوڕییە، بەلەدیات و کیفاح-ی شاری بەغدا زیاتر لە ٢٥ ھەزار چەکی سووک و مامناوەند کە زۆربەیان کلاشینکۆفن، دەستیان بەسەردا گیراوە، هاوکات لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا، ٥٠ ھەزار پارچە چەک لە بەسرە، ٤٢ ھەزار پارچە چەک لە زیقار، ٣٦ ھەزار پارچە چەک لە میسان و لە دیوانییە ٢٧ ھەزار پارچە چەک دەستی بەسەردا گیراوە.
سەرەڕای بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق بەمەبەستی کۆکردنەوەی چەک، بەپێی ئەو ئامارانەی کە بە شێوەیەکی فەرمی و نافەرمی لەبارەی ژمارەی چەکە دەستبەسەرداگیراوەکان و ئەو چەکانەی کە تا ئێستا لە دەستی خەڵکدان بڵاوکراونەتەوە، پێدەچێت حکوومەت تا ئێستا نەیتوانی بێت بەسەر ئەم دیاردەیە زاڵ بێت، ئەمەش لەوانەیە ھۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ لاوازی قەڵەمڕەوی حکوومەت لە بەشێکی ناوچەکانی عێراق.