Sarmand Hameed
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا، قۆناغی دووەمی ھاوکارییە سەربازیی و لۆجیستییەکانی ئەمریکا بەسەر ھەردوو لیوای ١٤ و ١٦ ی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆسەی رێکخستنەوەی ھەیکەلی لیواکانی پێشمەرگە و پڕچەککردنیان دێت.
ئەو بڕیارەی سوپای ئەمریکا بۆ دابەشکردنی قۆناغی دووەمی ھاوکارییە سەربازییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی کۆبونەوەیەکدا لەلایەن فەرماندە و تیمی راوێژکارانی باڵای سەربازی ئەمریکا لەھەولێر بە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیندرا.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، وەزیری پێشمەرگە، شۆرش ئیسماعیل بەئامادەبوونی بریکاری وەزارەت، سەربەست لەزگین و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەت، لەگەڵ فەرماندەی باڵای ھێزەکانی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، کۆلۆنێل جولیات و شاندێکی راوێژکارانی سەربازی ئەمریکا، ئامادەکارییەکانی کۆمەک و ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێکرا.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە: "ھاوکارییە سەربازیی و لۆجیستییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە جێگەی ستایش و بایەخی زۆری ئێمەیە و بەو ھەنگاوانە ھێزەکانی پێشمەرگە بەرەو قۆناغێکی پەرەسەندوتر و پرشنگدارتر ھەنگاو دەنێت".
شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی: "پەرۆشی راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا لە ھەرێم، بۆ رێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھەنگاونان بەرەو دروستکردنی ھێزێکی سەربازیی سەردەمی، کە سەربەخۆ و یەکگرتووبێت، بەرزدەنرخێنین. بەناوی گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم، سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەمریکا دەکەین".
لەلای خۆیەوە فەرماندەی باڵای ھێزەکانی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، کۆلۆنێل جولیات، رایگەیاندووە "بەردەوام دەبین لە ھەماھەنگی و ھاوکارییەکانمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، قۆناغی دووەمی ھاوکارییە سەربازییەکانیش سەلمێنەری ئەوەیە کە خواستی ئێمە و ھاوپەیمانانە ھێزەکانی پێشمەرگە تۆکمەتر بکرێت و لەگەڵ ھاوکارەکانماندا، بەیەکەوە ناوچەکە لە تیرۆر و تیرۆریستانی داعش پاکبکەینەوە".
فەرماندەی باڵای ھێزەکانی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەسەرەتای مانگی داھاتوو، لە مەراسیمێکدا کۆمەک و ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا، پێشکەش بەوەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت".
گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، پڕۆسەی پێکھێنانی ناوەندی ھەماھەنگی ھاوبەش لەنێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکە بەکۆبوونەوەکە بووە.
