Heman Hussein Yaseen
20 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2023
هەولێر - AA
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەواڵێکی بڵاوکراوەدا ئاماژەی بەوەکردووە کە حکوومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ خزمەتکردنی کەرتی کشتوکاڵی و کەمکردنەوەی زیانەکانی وشکەساڵی، بایەخێکی رژدی بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکان داوە، لەم چوارچێوەیەشدا دروستکردنی بەنداوی خنس لە پارێزگای دھۆک لە قۆناغی کۆتایی و تاقیکردنەوەدایە کە توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە و گرنگی بۆ کەرتی کشتوکاڵ، سامانی ئاژەڵ، کەرتی گەشتوگوزاری و ئاوی ژێر زەوی دەبێت.
بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک، فەرهاد محەمەد بە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: "بەنداوی خنس ھەموو کارێکی تەواو کراوە و دەست بە تاقیکردنەوەی تۆکمەیی و بەرگریی بەنداوەکە کراوە، لەبەر ئەوە ئەمساڵ پڕ لە ئاو کراوە و لە رێگای لیژنەیەکەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دھۆک چاودێریی کەموکوڕییەکانی دەکرێت و دواتر راپۆرتی پێویست ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان دەکرێت".
بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەنداوی خنس لە ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری دروستکردنی دەرچوو، بەڵام تەنیا توانرا سەدا ٦٠ی تەواو بکرێت و کارەکانی راگیران، دواتر لە کابینەی نۆیەم و لە ساڵی ٢٠٢١ دەست بە کارکردن کرایەوە و لە ساڵی ٢٠٢٢ توانرا تەواو بکرێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە ھەموو ئەو کارانەی تیایدا کراوە، تا دوو ساڵ چاودێری دەکەن.
بەنداوی خنس لە جۆری خاکی پڕکراوەیە و دەکەوێتە قەزای شێخان سەربە پارێزگای دھۆک، توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە، بەرزیی بەنداوەکە ٣٤،٥ مەترە و درێژییەکەشی بە سەرڕێژەوە ١٩٥ مەترە، ھەروەھا دەرچەی ئاودەرەکەشی دوو بۆڕیی تیرە ٩٠ و ٥٠ سانتیمەتریین.
تێچووی ئەم بەنداوە نۆ ملیار و ٢١٨ ملیۆن ٤٨٦ ھەزار و ٧٥٠ دینارە و لە ئێستاوە سوودی بۆ کەرتی کشتوکاڵی، ئاوی ژێر زەوی و کەرتی گەشتیاریی دەبێت.