Ozhin jola
12 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2020
كەركووك - AA
لە ئاكامی تەقینەوەی بۆمبێك کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە باكووری پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی عێراق چێنرابوو، سێ چەكداری حەشدی شەعبی كوژراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئاژانسی ئانادۆڵو دەستی كەوتووە، بۆمبێكی چێنراو لە ناحیەی قەرەتەپە باكووری پارێزگای دیالە بە كاروانێكی هێزەكانی فەوجی یەكی لیوای 16ی حەشدی شەعبیدا، تەقیوەتەوە.
لە ئاكامی تەقینەوەكەدا، سێ چەكداری حەشدی شەعبی بەناوەكانی، مەهدی عەلی ئیبراهیم و ساڵح ئیبراهیم و محەمەد فەلاح عەبدلواحد، كوژراون.
چەکدارە کوژراوەکان توركمانن و نیشتەجێی قەزای خورماتوو سەربە پارێزگای سەڵاحەددین بوون و شەوی رابردوو تەرمەکانیان بۆ زێدی خۆیان لە قەزاکە گواستراونەتەوە.
زاندراوە كە تەقینەوەكە لە میانی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق كە لە دوێنێ شەممەوە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە دەستی پێ كراوە، روویداوە.
تەرمی سێ كوژراوەكە هێنراوەتەوە قەزای خورماتوو و رادەستی كەسوكاریان كراون.
هێزەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزەكانی سوپا، پۆلیس، دژەتیرۆری عێراق لە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراقدا بەشداری دەكەن.