Hemin Othman Mohammed
11 تشرینی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2025
سلێمانی - AA
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی شەشەمین خوولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکرد، کە تێیدا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بەپێی ئامارەکان ٢٠ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٧٣٣ کەس لە سەرانسەری عێراق مافی بەشداریکردنیان هەیە بۆ دەنگدانی گشتی، بۆ ئەم مەبەستە هەشت هەزار و ٧٠٣ بنکە و ٣٩ هەزار و ٢٨٥ وێستگەی دەنگدان کراونەتەوە.
- کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان
لە هەڵبژاردنەکەدا حەوت هەزار و ٧٦٨ کاندید بەشداریی دەکەن، کە پێکهاتوون لە پێنج هەزار و ٥٢٠ کاندیدی پیاو، دوو هەزار و ٢٤٨ کاندیدی ژن کە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.
- ژمارەی کورسی و کاندیدەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان:
سلێمانی و هەڵەبجە: ١٣٦ کاندید کێبڕکێ لەسەر ١٨ کورسی پەرلەمان دەکەن، کە یەک ملیۆن و ١١٩ هەزار و ١١١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
هەولێر: ١٠٨ کاندید کێبڕکێ لەسەر ١٥ کورسی + ١ کورسی کۆتای مەسیحی لە پەرلەمان دەکەن، کە یەک ملیۆن و دوو هەزار و ٨٧ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
دهۆک: ٥٩ کاندید کێبڕکێ لەسەر ١١ کورسی + ١ کورسی کۆتای مەسیحی لە پەرلەمان دەکەن، کە ٧٢٢ هەزار و ٨٥٣ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بە شێوەیەکی گشتیی لە هەرێمی کوردستان ٣٠٢ کاندید کێبڕکێ لەسەر ٤٤ کورسی پەرلەمان دەکەن. ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان دەگاتە دوو ملیۆن و ٨٤٤ هەزار و ٥١ کەس.