Heman Hussein Yaseen
11 تشرینی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2025
هەولێر - AA
دوای دەنگدانی لە بنکەیەکی تایبەت لە شاری ھەولێر، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند کە دوای ھەڵبژاردن قۆناغێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەست پێدەکات و جەختی لەوەکردەوە کە دەبێت ھەرێمی کوردستان زۆر بە ھێزەوە لە بەغدا بێت.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو کە دوای ھەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژە بە گفتوگۆکانییان دەدەن.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ڕاگەیاندراوێکی شاندی دانوستانکاری پارتی کرد و گوتی: "ئەوەی بڵاوکرایەوە لەلایەن پارتییەوە، ناوەرۆکی دانوستانەکان بوون کە لەگەڵ یەکێتی کراون، بەدڵنیاییەوە دوای ھەڵبژاردن ھەلومەرجی تایبەتی خۆی دەبێت، بەڵام ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ ھیچ لایەنێک ڕەتناکەینەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، بەدڵنیاییشەوە جارێکی دیکە دادەنیشنەوە و گفتوگۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەو کێشانە چارەسەر بکەین".
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێڕاق نێچیرڤان بارزانی گوتی: "قسەی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە، ئێمە ھەموو لە ئەنجامدا لە وڵاتێکدا دەژین عێڕاقە، عێڕاقیش موڵکی ھەموومانە، پێویستە ئەو کێشانەی لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەیە ھەموویان لە چوارچێوەی عێڕاقێکی یەکگرتوو، بە گفتوگۆ و بە ڕەچاوکردنی خێر و خۆشی بۆ ھەموو گەلانی عێراق لە ڕێگای دەستوورەوە چارەسەر بکرێن. پێمانوایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدایە و پێویستە بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئابووریی خەڵکی عێڕاق، پێویستە ئەو کێشانەی ھەن بەگفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ئێمە خۆشحاڵین بەوەی ببین بەسرە پێشکەوتووە، زاخۆ و ئەنبار، نەجەف و کەربەلا پێشکەوتوون، ئێمە دەخوازین ھەموو عێڕاقییەک لە خێر و خۆشیدا بژی".