Rewa Mahmood Hasan
06 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2020
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ ژمارەیەک خۆپیشاندەر کە پێکهاتبوون لە مامۆستایان، پۆلیسی هاتوچۆ دوای ئەوەی لەبەردەم باخی گشتیی سلێمانی گردبوونەوە، بەرەو نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێکەوتن.
ئامانجی خۆپیشاندەران بریتی بوو لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر دواکەوتن و بڕینی مووچەکانیان.
دوای ئەوەی کە گەیشتنە بەردەم نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان، بەشێک لە خۆپیشاندەران چوونە ناو نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستانەوە و ئەوەی بەدی دەکرا، هەندێک لە کارمەندی هێزەکانی ناوخۆ ناوبەناو لە ریزی خۆپیشاندەراندا دەبینران و چوونە ناو بینای نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان.
دواتر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سۆران عومەر لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی کرد لە خۆپیشاندەران و گوتەیەکی پێشکەش کردن.
سۆران عومەر کە خۆی وەک بەشێک لە خۆپیشاندەران نیشان دەدا و ئەوەی بەدی دەکرا، لە میانی قسەکردنیدا چەکێکی سووکی لە جۆری دەمانچە هەڵگرتبوو، گوتی: ''حکوومەتی هەرێم و دەسەڵات لە هەرێم بۆیە زوڵم لە خەڵک دەکەن و ئەرکی خۆیان بەجێ ناهێێنن، چونکە بەشێک لە خەڵکی بێدەنگن، هاوکات پەرلەمانیان داخست بۆ ئەوەی بتوانن بە ئارەزووی خۆیان دزی بکەن".
لەسەروبەندی قسەکانیدا بەشێک لە خۆپیشاندەران رووی دەمیان کردە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سۆران عومەر پێیان دەگوت ''ئێمە بۆیە دەنگمان بە ئێوە داوە، بچن مافەکانمان وەرگرن، ئێوە کۆبوونەوە دەکەن (پەرلەمان) تاکو پۆست وەرگرن. دەنگمان پێ نەداون بۆ ئەوەی مووچەی خەڵک ببڕن. دەگمان بە پەرلەمانتار نەداوە بۆ ئەوەی سەروەت و سامان پێکەوە کۆبکەنەوە و باخ و ڤێلای پێ بکڕن لە سیتەک و ناوچە گەشتیارییەکان".
لە بەردەوامی قسەکانیدا سۆران عومەر کە پێشتر لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پارێزبەندییەکەی لێوەرگیرابوویەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستی گرتووە بەسەر جومگەکانی ئابووریی و بازرگانیی نەوتدا و گوتی: ''ئێوە دەبێت چەند شتێک بکەن، پارتی دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی وڵاتدا گرتووە، ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی رازی نییە لەو دزیانە، چی دەکات لەو حکوومەتەدا، بزووتنەوەی گۆڕان کە خەڵکێکی زۆر هیوای لەسەر هەڵچنیبوو، بڕیاربوو بەرامبەر دز و ستەمکار چۆک دانەدات، بەڵام ئێستا لە حکوومەتێکدایە کە یەکەم کاری بڕینی قوتی خەڵکی بووە، ئەگەر کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، نوێنەری راستەقینەی گەلن و ئۆپۆزسیۆنن کوا لایەنگرانیان بۆ ئەم شەقامە بێ کەسە، کوا دەنگدەر و نوێنەرەکانیان، بۆیە نابێت تەنها شەڕی تاڵانچی و دزەکان بکەین، دەبێت شەڕی ئەوانەیش بکەین کە ئێستا بێدەنگن و شەقامیان بەتەنیا بەجێهێشتووە''.
ماوەی زیاتر لە دووهەفتەیە کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی دەستیان داوەتە مانگرتن و رەتی دەکەنەوە مووچەکانیان کەم بکرێتەوە.