Heman Hussein Yaseen
05 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، دوو کۆبوونەوە لەنێوان پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوەی دیکەیان لە سلێمانی لەسەر دوو پرسی جیاواز بەڕێوەدەچێت.
کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، کۆبوونەوەی یەکەم لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی ھەردوو حزب لە پیرمام بەڕێوەدەچێت و تەوەری گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەردوو پۆستی سەرکۆمار و پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەتایبەت دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق.
کۆبوونەوەی دووەمیش شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکھاتووە لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە ھێمن ھەورامی، خەسرەو گۆران و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی ھەڵبژاردن و راپرسی لە پشکی پارتی سەردانی سلێمانی دەکەن و لەگەڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رزگار حاجی حەمە و بەرپرسی یاسایی مەکتەبی سیاسیی، تەلار لەتیف و جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، سلێمان مستەفا کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسی ھەڵبژاردن و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، بۆچوونێک هەیە کە هەردوو حزب نیازی ئەوەیان هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، بەیەک لیست بەشداریی بکەن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دووی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ پۆستی سەرکۆماری عێراقی وەرگرت و تا ئێستاش ئەم پۆستە لەلایەن بەرھەم ساڵح بەڕێوەدەچێت و لەئیستاشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جارێکی دیکە نیازی وەرگرتنەوەی ئەم پۆستەی ھەیە و لە ئەمڕۆوە گفتوگۆکان بۆ رێککەوتن لەسەر تەواوی پۆستەکان دەست پێ دەکەن.
پێنجشەممەی رابردوو، سەرکۆماری عێراق بەرھەم ئەحمەد ساڵح مەڕسومێکی کۆماریی دەکرد و تیایدا داوای لە پەرلەمانی ھەڵبژێردراو کرد کە رۆژی یەکشەممە، نۆی کانوونی دووەم کۆببێتەوە و بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی دانیشتنەکە بکات کە مەحمود مەشھەدانی-یە لە ھاوپەیمانیی عەزم، بەتەمەنترین دەرچووی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە و سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکات تا ئەوکاتەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت.
رۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ سەیرکردنی تانەکانی سەر ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ کۆبووەوە و دواتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژارنەکەی پەسەند کرد.