Hawkar Yaseen
05 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
پۆلیسی گشتیی هەرێمی کوردستان ئاماری رووداو و تاوان و چالاکییەکانی هەموو بەشەکانی پۆلیسی بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاو کردەوە و بەپێی ئامارەکە هەفتانە نزیکەی پێنج کەس لە هەرێمی کوردستان بە ئەنقەست کوژراوە و زیاتر لە کەسێکیش بەهەڵە کوژراوە و شەش کەسیش خۆیان کوشتووە.
گوتەبێژى پۆلیسی گشتىی هەرێمى کوردستان، کارزان ئەمیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ساڵی ٢٠٢١ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، ٢١٥ رووداوی کوشتنی بە ئەنقەستمان هەبووە، ٥٩ حاڵەتی کوشتنی بە هەڵە تۆمارکراوە و ٢٨٧ حاڵەتی خۆکوشتنیش تۆمارکراوە".
گوتیشی: "لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و٥٣٠ حاڵەتى دزیکردن تۆمارکراوە، دوو هەزار و ٣٣٤ دۆسیەى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانی پەیوەندیی تۆمارکراوە، هەزار و ٣٠٠ سکاڵا لەسەر تاوانی ساختەکاری تۆمارکراوە، تاوانى فێڵکردن شەش هەزار و ٧٨٠ حاڵەت و تۆمارکراوە، ٣٦٣ حاڵەتی قومارکردن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، سواڵ و دەرۆزەکردن کە بەپێی یاسا قەدەغەیە، هەزار و ٥٥٢ حاڵەت هەبووە لە چوارچێوەى یاساى دەستبەسەرداگرتنى چەکى بێ مۆڵەتیشدا، ئەمساڵ هەزار و ٥١ چەک دەستى بەسەردا گیراوە".
گوتەبێژى پۆلیسی گشتىی هەرێمى کوردستان، کارزان ئەمیر راشیگەیاند "بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەماوەى ساڵى رابردوودا، ١٤٩ کەس دەستگیرکراوە و ٢٠٤ حاڵەتى تەقەکردنیش تۆمارکراوە، بابەتی ناپاکی لە ئەمانەت کە خەڵک سکاڵای لەسەری هەبووە هەزار و ٢٦٩ سکاڵا تۆمارکراوە، چوار هەزار و ٦٧٠ حاڵەتى هەڕەشەکردن تۆمارکراوە و پێنج هەزار و ٩٦١ سکاڵاش لەسەر دۆسیەى شەڕکردن تۆمارکراوە".
سەبارەت بە چالاکییەکانى بەرگر،ی شارستان،ى لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژى پۆلیسی گشتىی هەرێمى کوردستان، کارزان ئەمیر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "کۆی گشتىی رووداوەکانى پەیوەست بە بەرگریی شارستانیى لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەشت هەزار و ٩٣٣ رووداو بووە کە بەوهۆیەوە ١٣٣ هاووڵاتى کۆچی دواییان کردووە و ١٧٨ هاووڵاتیش برینداربوون، ژمارەى رزگارکراوانیش لە رووداوەکاندا، ٢٨١ هاوڵاتى لە رووداوە جۆراوجۆرەکاندا رزگارکراون".
سەبارەت بە چالاکییەکانى پۆلیسی دارستان و ژینگەش، کارزان ئەمیر گوتی: "لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ٦٠ چەکى نایاسایی جۆراوجۆر دەستی بەسەردا گیراوە، ٥٦٣ تاوانبارى سەرپێچیکار دەستگیرکراوە و رەوانەی دادگا کراون، هەزار و ٨٥٣ دارى سروشتى بڕاونەتەوە و هەزار و ٣٢١ داری سروشتى سووتاون و ١١٩ ئامێری بیرلێدان دەستى بەسەردا گیراوە کە بە نایاسایی هەوڵی کارکردنیان داوە و ٦١ رووداوی ئاگرکەوتنەوەش لە دارستانەکان تۆمارکراوە".
گوتەبێژى پۆلیسی گشتى هەرێمى کوردستان، کارزان ئەمیر راشیگەیاند "لەو ئامارانەی رامانگەیاند، لەسەدا ٨٥ی کێشەکان یەکلابوونەتەوە و پەڕاویان تەواو بووە و تاوانباران رادەستی دادگاکراون و ئەو رێژەیەش کە ماون پەڕاویان بۆ کراوەتەوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدان".