Ozhin Jola
17 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2020
کەرکووک - AA
بەڕێوبەری فهرمانگهی تەندروستی کەرکوک، زیاد جبووری رایگهیاند كه وەزارەتی تەندروستی عێراق ملیاریک و٣٨٥ ملیۆن دیناری رەوانەی تەندروستی کەرکووک کردووە.
رۆژی ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ، یەکەم حاڵەتی توشبوو بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق لە شاری کەرکوک تۆمارکرا کە خێزانیکی چوار کەسی بوون و لەوڵاتی ئێران گەڕابوونەوە.
دوای زیاتر له چوار مانگ لە بڵاو بوونەوەی یەکەم حاڵەت لەکەرکووک، ئامارەکانی تەندروستی کەرکووک ئاماژه بهوه دهكهن كه کۆی گشتی توشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووهتە دوو ههزار و ٥٣٧ کەس، لەو ژمارەیه ههزار و ٢٢١ كهس له نهخۆشخانهكان ماونهتهوه و، ههزار و ٢٢١ كهسیش دوای وهرگرتنی چارهسهری پێویست، نهخۆشخانهكانییان جێهێشتووه.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە تاکو ئێستا ١٣١ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێ ئامارەکانی فهرمانگهی تەندروستی کەرکووک، شاردهێی تازە، زۆرترین حاڵەتی توشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تیادا تۆمارکراوە کە ١٧٧حاڵەتە و دوای ئەویش گەڕەکی واست به پلهی دووهم دێت کە ١٤٤ حاڵەتی تیادا تۆمارکراوە.
فهرمانگهی تەندروستی کەرکووکیش نەخۆشخانەی گشتی کەرکووکی بۆ چارەسەری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دیاریکردووە کە شوێنی ٤٠٠ كهسی تیادا دەبێتەوە.
بەڕێوبەری فهرمانگهی تەندروستی کەرکووک زیاد جبووری ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە: ''هەفتەی رابردوو لە عێراق رێژەیەکی زۆر توشبوو بەڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرا و، لە کەرکووکیش بەهەمانشێوە رێژەکە بەرزبووهوه، بەڵام خۆشبەختانە بیست لەسەدای تووشبوان پێویستیان بە مانەوەبوو لەنەخۆشخانە، ئەوانی دیكه دۆخیان باشتربوو، بۆیە لە ماڵی خۆیان کەرەنتین کرابوون و، لەلایەن تیمی فریاکەوتنی خێرای تەندروستی کەرکووک چارەسهریان بۆ دەکرا و، نەخۆشخانەی گشتی کەرکووكیشمان بۆ چارەسەری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخان کردووە''.
بەڕیوبەری فهرمانگهی تەندروستی کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوش كرد كه تا ئێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژێر کۆنتڕۆڵی تەندروستی کەرکووکدایە و، تەنها کێشەی کەمی قەڕوێڵە هەیه کە لەکۆی گشت نەخۆشخانەکانی کەرکووک، ههزار و ٢٠٠ قهڕهوێڵه ههیه، ئەمەیش بەراورد بە رێژەی دانیشتوانی کەرکووک زۆر کەمە کە یهك ملیۆن و ٦٠٠ ههزار كهسه، بۆیە ئهگەر سەرجەم کەرکووکمان بۆ چارەسەری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخان بکردایە هێشتا بەشی نەدەکرد.
لە رووی پێداویستی پزیشکییەوەش، زیاد جبووری رایگهیاند کە دۆخهكهیان باشە و هیچ کێشەیەکی کەمی ئامێری هەناسەدانیان نیە و کێشەی کەمی دەرمان و پێداویستی چارەسەریشیان نییه.
داوایشی له هاووڵاتییان كرد كه خۆیان بپارێزن چونکە تا ئێستا چارەسەر بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا نەدۆزراوەتەوە.
فهرمانگهی تەندروستی کەرکووک بەدواداچوونی بۆ بابەتی بازرگانیکردن بە پلازمای خوێنی چارەسەربووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەنجام داوە، بەڵام بەڕێوبەری تەندروستی کەرکووک رایدهگهیهنێت كه هیچ بەڵگەیەکیان دەستنەکەوتووە بۆ سەلماندنی ئەو بازرگانییە و هەرکاتیش بەڵگەیان دەستکەوت ئەوە لێپرسینەوەی یاسایی ئەنجام دەدەن.