Heman Hussein Yaseen
17 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2020
ههولێر - AA
ئەمڕۆ ھەینی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان ئێف لۆدریان لە ھەولێر کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ھەردوو تیشکیان خستە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا پاڵپشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانییان بۆ یەکتر دووپاتکردەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و گوتی: ''سەردانی جەنابی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئێف لۆدریان لەکاتێکی ھەستيارە کە عێراق و جیھان رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە و، ئەم سەردانە بۆ ئێمە گرنگە و نیشانەی پشتگیری فەڕەنسایە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەمەوێت بەناوی گەلی کوردستان سوپاسی فەڕەنسا بکەم کە ھەمیشە لە کاتی تەنگانەدا پشتگیری لە مافەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە و، دوای ئابلووقەی ساڵی ٢٠١٧ لەسەر ھەرێمی کوردستان فەرەنسا رۆڵی کاریگەری بینی لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان ھەولێر و بەغدا و سەرۆکۆماری فەرەنسا ماکڕۆن رۆڵی گەورەی گێڕا کە ھەرگیز گەلی کوردستان لەبیری ناکات و، فەڕەنسا ھەمیشە پشتگیری لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ''پارساڵ لە پاریس دووبارە ئەو شەرەفەم ھەبوو لەگەڵ بەڕێزیان دیدار ئەنجام بدەم و، ھاوکات لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش، فەڕەنسا رۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو، ھێشتا عێراق و ھەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتگیری بەردەوامی فەڕەنسا ھەیە و، لە ھاوکاریکردنی کەمپەکانیش رۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و گوتی: ''جەنابی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وەک دۆستێکی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی گێراوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەتایبەت لە کاتی شەڕی داعش کە وەزیری بەرگری بوو، رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا، ھەروەھا باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و کۆنسوڵی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان رۆڵیان ھەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان''.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەشکردەوە کە کۆمپانیا فەڕەنسییەکان دەتوانن لە ھەموو بوارەکاندا وەبەرھێنان بکەن و پشتگیری ھەرێمی کوردستانی لەمبارەیەوە دووپاتکردەوە.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئێف لۆدریان گوتی: ''ئەمە ھەشتەم سەردانی منە بۆ ھەرێمی کوردستان، چوار جار وەک وەزیری بەرگری ھاتووم و، ئەمە چوارەم جاریشە وەک وەزیری دەرەوە سەردانی ئێرە دەکەم و، یەکەم سەردانیشمە لە دوای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست''.
لۆدریان گوتیشی: ''ئامانجی سەردانەکەم بۆ دەربڕینی پشتیوانی و ھاوسۆزییە. لە رۆژانی داھاتوو پێداویستی پزیشکی دەبەخشین بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا بۆ پشتیوانی لە ھەرێمی کوردستان ھاتووم بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی پەرەپێدانی لە بواری پەروەردەیی و تەندروستی و گوتیشی: ''لە کەمپی بەردەڕەش چەندین پڕۆژەی گرنگ لە بواری پەروەردە و تەندروستی ئەنجامدراوە و لە رۆژانی داھاتووش یارمەتی دەگەیەنینە نەخۆشخانەی ھەڵەبجە و بە ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا پڕۆژەیەکی گرنگ لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ لە پارێزگای دھۆک بە گوژمەی ١٥ ملیۆن یۆرۆ ئەنجام دەدەین و، کۆمپانیاکانیشمان بەردەوام دەبن، ئەمساڵیش قوتابییەکی کورد کە باوکی شەھیدی دەستی داعشە بەکالۆریۆسی لە فەڕەنسا تەواو کرد و ئەمە دوا قوتابی نابێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت''.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان ئێف لۆدریان دوێنێ پێنجشەممە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە و دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژە بەوەکرد کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ بەغدا پاڵپشتیی عێراقە لەلایەن فەڕەنساوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، ھەروەھا سەروەریی عێراق کارێکە ناتوانرێت نەرمی تیادا بنوێنرێت و وڵاتەکەی لە ھاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر، بەردەوام دەبێت.
شەوی رابردووش لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، گەیشتە ھەولێر و لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی پێشوازی لێکرا و ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە.
جێی ئاماژەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئێف لۆدریان کە پێشتر وەزیری بەرگریی فەڕەنسا بوو، پێشتریش سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، یەکەم جاریش وەکو وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و، ھاوکات رۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ جارێکی دیکە سەردانی عێراقی کرد و رۆژی دواتریش سەردانی ھەولێری کرد و لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکی پارتی دیموکراتیی کوردستان مەسعود بارزانی و، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کۆبووەوە.