Zana Natık Kerem
28 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2022
ھەولێر ــ AA
پارێزگاری ھەولێر، ئۆمێد خۆشناو رایگەیاند کە بە ھۆی دەسترێژی گوللەوە، راگری کۆلێژی یاسا، پرۆفیسۆر د. کاوان ئیسماعیل گەردی و مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەددین، ئیدریس عیزەت حەمەخان کوژران.
ئۆمێد خۆشناو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری بەشی میکانیک سەربە زانکۆی سەلاحەددین، مامۆستا ئیدریس عیزەت حەمەخان لای ماڵەکەی خۆی لە شاری ھەولێر، لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆی سۆرانەوە تەقەی لێکراوە و بەھۆیەوە ناوبراو کوژرا.
ھەمان ئەو خوێندکارە بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم کۆلیژەی یاسای زانکۆی سەلاحەددین، تەقەی لە راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەددین، پرۆفیسۆر د. کاوان ئیسماعیل گەردی کرد.
بەھۆی هێرشەکەوە، د. کاوان ئیسماعیل گەردی لەگەڵ پاسەوانێکی کۆلێژەکە برینداربوون کە دواتر گواستراوەنە بۆ نەخۆشخانە.
پارێزگاری ھەولێر، ئۆمێد خۆشناو ئاماژەی بەوەیشدا کە د. کاوان ئیسماعیل گەردی لەگەڵ ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدرا، بەڵام بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
باسی لەوەش کرد کە تاوانباری ھەردوو ھێرشەکە، خوێندکارێکی زانکۆی سۆرانە کە بەھۆی کێشەی گواستنەوە، ھێرشەکانی ئەنجامداوە.
پارێزگاری ھەولێر، ئۆمێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە کە تا ئێستا تاوانبارەکە دەستگیر نەکراوە و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی بەردەوامە.