16 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، فەیسەڵ عەمیری رایگەیاند، گەل گەورترین فراكسیۆنە كە سەرپشكراوە بۆ ئەوەی كاندیدێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دەست نیشان بكات و داواش لە سەركۆمار بەرهەم ئەحمەد ساڵح دەكات پابەند بێت بە بڕیاری دادگای فیدرال سەبارەت بە دەستنیشانكردنی گەورەترین فراكسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەران.
فەیسەڵ عەمیری لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە گەورەترین فراكسیۆنی براوەی ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەران نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەركۆمار كردووە بۆ ئەوەی گەل سەرپشك بكات تا كاندیدی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دەست نیشان بكات.
ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی سائیرون، فەیسەڵ عەمیری گوتیشی: "بەپێی بڕیاری دادگای فیدرال، سائیرون كە لە كۆی ٣٢٩ كورسی خاوەن ٥٤ كورسییە، گەورەترین فراكسیۆنە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆیە پێویستە لەسەر سەركۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لەوبارەوە پابەندبن، هەروەها سائیرون گەلی سەرپشككردووە كە كاندیدێکئ نوێ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دەست نیشان بكات، ئەگەر فراكسیۆنێكی دیكە لە بری سائیرون بە گەورەترین فراكسیۆن راگەیەندرا، مانای وایە فراكسیۆنەكانی دیكە كاندیدێکی نوێ دەست نیشان دەكەن كە ئەوەیش پێچەوانەی دەستوورە".
دوێنێ یەكشەممە سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران كردبوو كە گەورەترین فراكسیۆن دەست نیشان بكات بۆ ئەوەی فراكسیۆنەكە راسپێردرێت تا كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران پێشكەش بكات.