Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2019
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەك لە دەرچووانی بەشەكانی دەرمانسازی، ددان و پەرستاری سەربە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا و چەندین درووشمیان بەرزكردبوویەوە كە سەرجەمیان ئاماژەبوون بە مافی ئەوان بۆ دامەزراندنیان لە دامەزراوە تەندروستییەكانی حكوومەتی هەرێمدا.
لە خۆپیشاندانەكەدا بەیاننامەی دەرچووانی ئەو بەشانە لە لایەن نوێنەری دەرچووەكان، دەشنێ نەریمان خوێندرایەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئەوان وەك دەرچووانی چوار خولی رابردووی هەرسێ بەشەكە فەرامۆش كراون و دانەمەزرێنراون لە لایەن حكوومەتەوە، ئەوەش جگە لە چەندین كۆبوونەوە و ناڕەزاییەتی و گەیاندنی داواكانیان بەلایەنی سەرووی خۆیان لە لایەن دەرچووانی ئەم بەشانەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
لە بەیانناكەدا هاتووە "لە ماوەی پێشتردا لە میانی خستنەڕووی داواكارییەكانمان لە وەڵامدا خراپی بارودۆخی دارایی حكوومەتی هەرێم و كێشەكانی لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیی و دۆخی جەنگ، لەو بەهانایانە بوون كە بەگوێماندا دەدران و وەڵامی ناڕەزایەتییەكانمانی پێ دەدرایەوە، سەرباری ئەمانەش بەتەواوی لە لایەن كابینەی پێشووی حكوومەت و وەزیری تەندروستییەوە ئەم ناڕەزایەتییانە وەلاوە نران، بەڵام ئەوە روونە كە لەئێستادا هیچ یەك لەو رێگریانە نەماون، كەواتە داواكاری ئێمە لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمە كە بە زوویی وەڵامی داواكانمان بداتەوە".
دەرچووانی ئەو بەشانەی پزیشكی لە بەشێكی تری بەیاننامەكەیاندا بە نیگەرانییەوە باس لە كردنەوەی ژمارەیەكی زۆر لە زانكۆ و كۆلێژی تایبەتی پزیشكی و وەرگرتنی ژمارەیەكی زۆری قوتابی لەو بەشانە دەكەن و پێیان وایە كردنەوەی ئەو كۆلێژ و بەشانە بەبێ هیچ پلانێكی پێشوەختە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بووە بۆیان.
ئەوان ئاماژە بەوەیش دەكەن كە دواكەوتنی دامەزراندنیان كاریگەری لەسەر ئەزموونی كاری ئەوان دەكات و دەبێتە هۆی ئەوەی كۆمەڵێك دكتۆر بەبێ ئەزموون دەست بە كاركردن بكەن و هاووڵاتییانیش زیانمەندی یەكەم دەبن لەو دۆخەدا.
لە كۆتایی بەیاننامەكەیاندا دەرچووانی بەشەكانی دەرمانسازی، ددان و پەرستاری كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی جەخت دەكەنەوە لەوەی داواكاری ئەوان تەنها دامەزراندنە، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە سەرۆكی حكوومەت دەكەن وەڵامی راستەوخۆی داواكانیان بداتەوە.