Rewa Mahmood Hasan
17 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2021
سلێمانی-AA
بەهۆی رەشابەوە زیانی ماددی بەر دوکان، بازاڕ، خانوو و تاوەرەکانی کارەبا کەوتووە.
شەوی رابردوو لەدوای کاتژمێر یەک و ٣٠ خولەکی دوای نیوەشەو، رەشەبایەکی بەهێز هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەو هۆیەوە لە سلێمانی چەندین دار شکانەوە، تاوەری کارەبا کەوتن و چەندین پارچە پلێتی ئاسنینی کەپر رەشەبا بردوونی و بەر ئۆتۆمبێل کەوتوون.
زۆرێک لەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە بەردەمی ماڵاندا راگیرابوون، بەهۆی رووخانی دیوار بەسەریاندا، زیانی ماددی زۆریان بەرکەوتووە، چەندین تاوەری کارەبا لە ناوچە جیاجیاکانی سلێمانی کەوتوون و هەر زوو، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی تاوەر و ستوونی کارەباکان بوون.
ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان یەکێکی تر بوو لەوانەی کە زیانی بەرکەوتبوو بەهۆی رەشەباکەوە، وەک بەشدار سەعید کە یەکێکە لە وەستای رێککردنەوەی ئۆتۆمبێل رایگەیاند کە تەنها لەمڕۆدا، چەندین ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر هێنراونەتە ناوچەی پیشەسازیی بۆ ئەوەی کاری چاککردنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت.
بەشدار سەعید هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلیان بۆ هێناون کە دیوار و چینکۆ بەسەریاندا کەوتووە و زیانێکی زۆری ماددی بەر ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە و هەندێکیان جامیان شکاوە و بۆنیدەکانیان تەواو قوپاون، هەندێکی تریان بۆنیدەکانیان دڕاون و پێویستیان بە پارچەی نوێ هەیە.
هاوکات گۆڤەند عومەر کە لە یەکێک لە پێشانگاکانی مامەڵەکردنی ئۆتۆمبێل کار دەکات ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی رەشابەوە، بە بەهای پێنج هەزار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە و لەئێستادا، سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانیان بردۆتە ناوچەی پیشەسازی تاوەکو چاکیان بکەنەوە.
گۆڤەند عومەر گوتی: ''زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکانی پێشانگاکان کەوتووە، هەندێکیان پانۆراماکانیان شکاوە، ئەوانەی تر بۆنیدیان بێکەڵک بووە و نزیکەی ١٠ پێشانگای ئۆتۆمبێل زیانی ماددی بەر ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە بەهۆی رەشەباکەوە".
بەڕێوەبەری لقی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی، ئاسۆ کەمال لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''لەمشەوەوە خێرایی با بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەکەمان زیادی کردووە. لە وێستگەی کەشناسی سلێمانی تێکڕای دوو خولەک ٥٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تۆمار کراوە و هەندێ جار گەیشتووەتە ٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، هەر ئەوەشە بۆتە هۆی زیانگەیاندن تا رادەی کەوتنی بورج و شکاندنی درەختەکان لە سلێمانی و دەورووبەری".
سلێمانی.. رەشەبای بەهێز زیانی ماددی زۆری لێدەکەوێتەوە