Fakhradin Ibrahim Mohammad
26 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
گەڕێ سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا بێ ئاکام کۆتایی هات و شاندەکە بەرەو هەرێمی کوردستان گەڕایەوە.
لە گەڕی سێیەمی دانوستانەکاندا، شاندی هەرێم جگە لە سەرۆکوزیران مستەفا کازمی، گفتوگۆی لەگەڵ هەریەکە لە وەزیرانی نەوت و دارایی عێراق کردووە و هەردوو لا پێشنیارەکانی یەکتریان وەرگرتووە.
ئەگەرچی تا ئێستا هەریەکە لە بەرپرسانی بەغدا و هەرێم نە بە شێوازی راگەیەندراو و نە بە شێوازی لێدوان ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدەن، بەڵام دەرکەوتووە شاندی هەرێمی کوردستان دوای وەرگرتنی پێشنیارەکانی بەغدا ئامادەنەبووە وەڵامیان بداتەوە و داوای دەرفەتی زیاتری کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی بەغدا بدرێتەوە و بۆیە گەڕاوەتەوە کوردستان.
بە پێی زانیارییەکان، بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیراندا، را و پێشنیارەکانی بەغدا تاوتوێ بکرێت و هەڵوێستی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران لەم بارەیەوە وەربگیرێت.
بڕیارە شاندی دانوستانکار وردەکاریی گفتوگۆکان بۆ ئەنجوومەن ئاشکرا بکەن و دوای وەرگرتنی بڕیاری ئەنجوومەن، لە رۆژانی داهاتوو دووبارە سەردانی بەغدا بکەنەوە.
دەگوترێت، هەر دوو لایەن ئیرادەی گەیشتن بە رێکەوتنیان تێدایە و بۆیەش هیچ وادەیەک بۆ کۆتایی پێهێنان بە گفتوگۆکان رانەگەیەندراوە، بەڵام وردەکارییەکانی تەکنیکی کە کەڵەکەبووی ساڵانی پێشوون، راگەیاندنی رێککەوتنی دوو لایەنی لە کورت مەودادا ئەستەم کردووە.