15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
وەك ئاماژەیەك بۆ سزاكانی ئەم دواییەی ئەمریكا سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، ئیدانەی ئەوە دەكەن كە ناوی ژمارەیەك سەركردە و كەسایەتی عێراقی خراونەتە لییستی سزاكانەوە.
عادل عەبدولمەهدی لە راگەیەندراوێكدا گوتوویەتی "ئیدانەی ئەوەمان كردووە، ناوی ژمارەیەك سەركردە و كەسایەتی عێراق كە رۆڵیان هەبووە لە شەڕەكانی دژبە داعش لە لایەن وڵاتانەوە كە پەیوەندیی و رێككەوتنەمان لەگەڵیاندا هەیە، خراونەتە لییستی سزاكانەوە".
سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق، عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاندووە "هەروەها ئیدانەی ئەوە دەكەین كە لە لایەن خۆپیشاندەران و میدیاكانەوە، سووكایەتی بە وێنەی سەرۆكی ئەو وڵاتانەی كە پەیوەندیی و رێككەوتنمان لەگەڵیاندا هەیە، دەكرێت".
عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەیشكردووە كە سووكایەتیكردن بە وێنەی كەسایەتییە ناسراوەكانی عێراق، قبوڵكراو نییە و ئیدانەی دەكەن.
سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق، عادل عەبدولمەهدی گوتوویەتی: "سەرجەم ئەو كردانە زیان بە عێراق و گەلەكەی دەگەیەنێت، جگە لەوەیش دەبنە هۆی هاندان بۆ توندئاژۆیی و رق و كینە لەگەڵ خراپكردنی ناوبانگی عێراق و دواتر ئەنجامێكی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە كە ئەستەم دەبێت كۆنترۆڵ بكرێت".
رۆژی هەینی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و تێوەگلان لە گەندەڵی، سزای بەسەر سەركردەی عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی و براكەی، لەیس خەزعەلی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشدی شەعبی، حوسێن فالح ناسراو بە ئەبو زەینەب ئەللامی، هەروەها بازرگان و كەسایەتی عێراق، خەمیس فەرحان خەنجەردا سەپاندووە.