Heman Hussein Yaseen
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2019
هه‌ولێر - AA
گوته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌حمود محه‌مه‌د رایگەیاند كه له‌ماوه‌ی رابردوو چه‌ندین گفتوگۆ له‌نێوان بەغدا و هه‌رێمی كوردستان هەبووە به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی باردۆخی عێراق و سه‌قامگیری ناوچه‌كه، ئاشکرایشی دەکات كه تا ئێستا هیچ ناوێك به فه‌رمی بۆ پۆستی سەرۆکوزیران ده‌ستنیشان نه‌كراوه.
مه‌حمود محه‌مه‌د له لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''لە راستیدا وڵاتێک کە بە سەقەتی دروستکرابێت، ئاڵۆزییەکانی بەئاسانی چارەسەر ناكرێن، چونکە ئه‌م سه‌قه‌تییه لە بابەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی رەنگیداوەتەوە، ئەم وڵاتەش لە بنەڕەتدا وابووه و چارەسەرەکانیش بنەڕەتی نین، ھەموو مێژووی عێراق سه‌یربكه‌ین دەبینین ناوە ناوه شەڕ و ئاڵۆزی و کێشەی دەولی ھەبووە، بۆیەش سەقامگیر نەبووە، دەبینین كه عێراق به‌راورد به وڵاتانی پێشكه‌وتوو لە رووی کۆمەڵایه‌تی، سیاسی، كارگێڕی و زانسیتیەوە لە دواوەیە، چونکە ھەرچی توانای ئەو خەڵکە ھەبووە لە بەرەنگاربوونه‌وه‌ی یەکتر خەرجکراوە، ئەم وڵاتە لەجیاتی ئەوەی بونیادبنرێت، لێک ھەڵوەشاوەتەوە''.
گوته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌حمود محه‌مه‌د گوتیشی: ''له چوارچێوه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای عێراق، ئێمه نابێت لە پەراوێزی كاركردندابین و نابێت دووربین لەو بڕیارانەی ئێستا دەدرێن، چونکە قۆناغێكی ھەستارە و دەبێت ھەوڵبدەین و رێگا نەدەین دەستکەوتەکانمان لەدەست بچێت''.
مه‌حمود محه‌مه‌د لەبارەی ئەوەی کە ھەفتەی رابردوو چەند سەرکردەیەکی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە گوتی: ''ھاتوچۆ و گفتوگۆ و یەکتربینین ھەر ئەوە نییە كە باس دەکرێت، بۆیە ئەم ترافكه زۆرە و ھەمووش لهوهوە سه‌رچاوه ده‌گرێت كه چۆن چارەسەری بارودۆخەکە بکەین، لەڕاستیدا دیاریکردنی کەسێک بۆ جێگرەوەی سه‌رۆكوه‌زیرانی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی زیاتر په‌یوه‌سته به لایه‌نه‌کانی شیعه‌وه، گفتوگۆكانیش هه‌ر ئەوەیە، لەوانەیە ھەموو کەس شان نەداتە بەر ئەو کێشانەی کە له عێراق ھەیە، دەمێنێتەوە سەر لایه‌نه سیاسییه‌كان و ئەو کەسانەیشی کە داواکارن و ھاتوونەتە سەر شەقام''.
گوته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌حمود محه‌مه‌د له‌باره‌ی بوونی ڤیتۆ لەلایەن كورد له‌سه‌ر كه‌سێكی دیاریكراوه بۆ پۆپستی سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتووی عێراق گوتی: ''تا ئێستا نەمانزانیووە کەسێک دەستنیشانکرابێت تا ڤیتۆمان لەسەر ھەبێت، چونكه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هیچ ناوێك دیاریی نه‌كراوه''.