25 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2020
دیالە ــ AA
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند كە بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، ٢٥٠ خێزان لە ژمارەیەک گوندی سنووری پارێزگای دیالە، ئاوارەبوون.
لە راگەیەندراوێكدا کە لەلایەن ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، فازڵ عەززاوی بڵاویكراوەتەوەە، بەم دواییانە هەڕەشەكانی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە زیاد بوون كە بەهۆیەوە تا ئێستا، ٢٥٠ خێزان لە ژمارەیەک گوندی سەربە قەزای خانەقین باكووری پارێزگاكە ئاوارەبوون.
بەگوتەی فازڵ عەززاوی، بەشێك لەو ٢٥٠ خێزانە لە كەمپی ئاوارەكانی سنووری پارێزگای دیالە نیشتەجێبوون و بەشێكی دیكەشیان روویان لە ناحیەی ئەبی سەیدا باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگاكە كردووە.
ئەو ئەندامەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ راشیگەیاندووە، سێ كەمپی ئاوارەكان لە دیالە هەن كە لەئێستادا، ٩٢٠ خێزان تیایدا نیشتەجێن.
ئەمەیش لەكاتێكدایە کە ماوەی هەفتەیەكە لە ناحیەی ئەبی سەیدا بەهۆی ناكۆكیی تایفییەوە، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هۆزەكاندا روودەدات كە بەهۆیەوە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی ناحیەكە ئاوارەبوون.
بەهۆی ناكۆکییەكانەوە دووبارە هێزەكانی پۆلیس لە ناحیەی ئەبی سەیدا بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی رەوشەكە بڵاوكراونەتەوە.
لەوبارەوە ئەفسەر لە پۆلیسی دیالە، نەقیب حەبیب شممەری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی رەوشەکە، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا سەربە وەزارەتی ناوخۆ زنجیرەیەك هەڵمەتی گەڕان، پشكنین و دەستگیركردنی ئەو داواكراوانەی كە لە ناكۆكییەكانەدا تێوەگلان لە ناحیەی ئەبی سەیدا ئەنجامداوە کە لەمیانیاندا تا ئێستا دەستیان بەسەر ژمارەیەك چەك و بڕێك تەقەمەنییدا گرتووە.