Zana Natık Kerem
14 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە دوو کەمپی ئاوارەکانی لە پارێزگاکانی ئەنبار و کەرکووک دوای گەڕانەوەی سەرجەم ئەو ئاوارانەی کە لەو دوو کەمپەدا بوون، داخستووە.
لەمبارەیەوە میدیاکانی خۆجێی عێراق بڵاویانکردەوە کە حکوومەتی خۆجێی ئەنبار ئاماژەی بەوەداوە دوای ئەوەی ٣٠ی ھەزار خێزای ئاوارە لە کەمپی حەبانییە لە ئەنبار گەڕانەوە زێدی خۆیان، ئەو کەمپە داخراوە.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە بەپێی ئەو پلانەی کە داندراوە، تا ساڵی داھاتوو کەمپی فەللوجە ـ عامرییە لە ئەنباریش دادەخرێت.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند کە کەمپی یەحیاوا لە ناحیەی لەیلان سەربە پارێزگای کەرکووک داخراوە.
بەڕێوەبەری نووسنگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کەرکووک، عەمار سەباح بەئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە دوای ئەوەی سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپی یەحیاوا لە ناحیەی لەیلان سەربەپارێزگای کەرکووک گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان کە ژمارەیان ٣٤٠ خێزان بوو، ئەو کەمپە بەیەکجاری داخراوە.
ئاماژەی بەوەیشدا کە ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپی یەحیاوا دانیشتووی ناحیەی تەلەعفەر سەربە پارێزگای نەینەوا بوون کە لە ئێستادا گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کەرکووک باسی لەوەشکرد کە لە ھەفتەی داھاتوودا، کەمپی لەیلان (یەک) کە ھەزار ٦٠٠ خێزانی ئاوارەی قەزای حەویجە و پارێزگای سەڵاحەددین تیایدا نیشتەجێن، دادەخەن کە ئەوەیش دوا کەمپی ئاوارەکان دەبێت کە لەسنووری پارێزگای کەرکووک دادەخرێت.