Heman Hussein Yaseen
09 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی رایگەیاند کە ھەندێک خەڵک بەھۆی ھەڵسوکەوتی پۆپۆلیسیتی و شلکردنی دەروازەکان، بوونەتە مەترسی بۆسەر دۆخی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان.
فهرسهت سۆفی له کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییدا گوتی: "ھەندێک دەروازە شلکران لە پێناو گواستنهوهی باری قاچاغ، ئەم دۆخە گەیشتووهتە قۆناغێکی مەترسیدار. ئێستاش زۆر جددین بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دۆخی ھاووڵاتییانیش لەبەرچاو دەگرین".
پارێزگاری ھەولێر، فهرسهت سۆفی گوتی: "لە دەستپێکی ئەم ڤایرۆسە لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٤٣ ھەزار پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە ١٣ ھەزار پشکنینیان لە بازگەکان و خاڵە سنوورییەکان بووە و لە ماوەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆدا زیاتر لە حهفت ھەزار کارمەندی ھێزەکانی ناوخۆ لە کاردابوون چونکە ٩٠٠ بازگە لەناو شارەکان ھەبووە، ٢٧ ھوتیڵ و مۆتێل لە پارێزگای ھەولێر کراونەتە شوێنی کەرەنتین کە پێنج ھەزار کەسیان تێدا کەرەنتین کراوە".
پارێزگاری ههولێر گوتیشی: "لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوه، حكوومهتی ههرێمی كوردستان کۆمەڵێک رێکاری گرتەبەر، بەوھۆیەشەوە لە قۆناغی یەکەمدا سەرکەوتنی باشمان بەدەستھێناوە. لە قۆناغی دووەمیشدا دۆخی ھەرێمی کوردستان رۆژانە بەرەو مەترسی دەڕوات و ئەگەر رێکاری پێویست نەگرینەبەر ئەوا مەترسی زیاتر بەرۆکمان دەگرێت".
فهرسهت سۆفی هەروەها گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ کرانەوەی بازاڕهكانداین و لە میانی سێ رۆژی رابردوودا، نزیکەی ٧٠٠ شوێن رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر".