09 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
سەركردەی رەوتی سەدر لە عێراق، موقتەدا سەدر داوای لە ئەمریكا كرد كە هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە.
لەمبارەیەوە موقتەدا سەدر راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە کە تیایدا هاتووە "نەك هەر بە گرنگی دەزانم، بەڵكو لەسەر ئەمریكا پێویستە، سەرەتا شێوازی دوژمنكارانە و دژایەتیكردنی لەگەڵ گەلەكەی خۆی و دواتر لەگەڵ گەلانی جیهاندا، بگۆڕێت".
داوایشی لە ئەمریكا كردووە كە هێزەكانی لە هەموو وڵاتانی جیهان بە تایبەتیش لە عێراق بكشێنێتەوە بۆ ئەوەی شكۆ و كەرامەتی گەلان پارێزراو بێت.
رەوتی سەدر خاوەن گرووپێكی چەكدارییە بە ناوی "سەرایا سەلام" كە سەربە حەشدی شەعبییە.
ئەو داوایەی موقتەدا سەدر لە كاتێكدایە، چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی 10 و 11ی ئەم مانگە گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن بە ئامانجی تاوتوێكردنی چارەنووسی بوونی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ هاوكارییە ئابووری و سیاسییەكانی نێوان هەردوو وڵات ساز بكرێت.
دوای ئەوەی لە سێی كانوونی دووەمی رابردوو فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس لە بۆردومانێكی فڕۆكەكانی ئەمریكا لە بەغدا كوژران، گرژی كەوتە نێوان حكوومەتی كاربەڕێكەری پێشووی عێراق، بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی و ئیدارەی ئەمریكا.
دوای کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس ، عادل عەبدولمەهدی داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران كرد بڕیارێك دەربكات كە بەپێیەوە هێزەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش ناچار بكات كە لە عێراق بكشێنەوە، بەڵام ئیدارەی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارانە ناكات كە لەلایەن حكوومەتی دەستلەكاركێشاوەی عێراقەوە دەردەكرێن.
ئەمریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، پێنج هەزار سەربازی لە ژمارەیەك بنكەی سەربازیی عێراق، جێگیركردووە.