Sarmand Hameed
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا - AA
پێنج هاووڵاتیی سڤیل لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی عێراق، کوژران.
ئەفسەر لە پۆلیسی دیالە، شەعلان کاملی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەکدارانی داعش گاوانێکیان لە قەزای میقدادییە باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەعقوبە ناوەندی پارێزگای دیالە کوشت و دواتر تەرمەکەیان بۆمبڕێژ کردووە".
شەعلان کاملی گوتیشی: "تەرمە بۆمبڕێژکراوە بە کەسوکاری گاوانەکەدا تەقیوەتەوە لەوکاتەی کە ویستوویانە تەرمەکە هەڵبگرنەوە و بەهۆیەوە چوار کەسی دیکە کوژراون".
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتی گەڕان و پشکنینیان لە ناوچەکە دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی چەکدارانی داعش.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشی تیرۆریستانی داعش بەتایبەت لە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە زیادی کردووە.