Zana Natık Kerem
06 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2020
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند كە بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی هاوكاری سەربازیی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە باكووری رۆژئاوای بەغدا تەقیوەتەوە و ئەوەیش سێیەم هێرشی لەو جۆرەیە لە كەمتر لە یەك هەفتەدا.
لەمبارەیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، نەقیب ئەحمەد خەڵەف لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "درەنگانی شەوی رابردوو، بۆمبێكی چێنراو لەسەر رێگای خێرای نێوان ناوچەکانی بەیاع و شوعلە باكووری رۆژئاوای بەغدا، تەقیوەتەوە".
نەقیب ئەحمەد خەڵەف باسی لەوەیش كرد كە تەقینەوەكە كاروانی یەكێك لە كۆمپانیاكانی تایبەت بە گواستنەوەی كەلوپەل كردووەتە ئامانج كە گرێبەستی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعشدا هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا كە لە ئاكامی تەقینەوەیەكەدا، یەك پۆلیس برینداربوو.
رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو سوپای عێراق رایگەیاندبوو، دوو كەسی دەستگیركردووە كە گومان دەكرێت بەرپرس بن لە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیەی كە پێشتر كاروانێكی هاوكاری سەربازیی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لەنێوان پارێزگاكانی زیقار و موسەننا كردبووە ئامانج.
رۆژی هەینی رابردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندبوو، بۆمبێكی چێنرا لەسەر رێگای خێرا لە پارێزگای بابل تەقیوەتەوە كە كاروانێكی هاوكاری سەربازیی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعشی كردە ئامانج.
ئەم جۆرە هێرشانە لە مانگی تەمووزی رابردووە لەگەڵ هێرشێكی دیكەی مووشەكی بۆ بەئامانجكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و بنكە سەربازییەكانی عێراق كە سەرباز و دیپلۆماتكارانی ئەمریكای بۆ ماوەیەكی زۆرە تیایاندا جێگیرن، دووبارە دەبێتەوە.
لە پێنجی كانوونی دووەم رابردوودا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینە، دەنگی لەسەر كۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی بیانی لە عێراق دابوو.