Zana Natık Kerem
09 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە کەس لەسەروو یاساوە نییە و سەرجەم تاوانبارانیش دەستگیر دەکرێن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای میسان لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکاندا کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پێشھات و رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی پارێزگای میسان داوە و سەرەتا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری دادوەر، ئەحمەد فەیسەڵ و ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، حوسام عەلیاوی کردووە کە چەند رۆژێک لەومەبەر لەلایەن چەکدارانی نەناسراوە لە پارێزگاکە کوژران و گوتی:
"ئەمڕۆ بەڕەوشێکی زۆر ئاڵۆزیی سیاسییدا تێپەڕدەبین، ئەم قۆناغەی ئێستا یەکلاکەرەوە و گرنگە، رێگە نادەین رەوشەی ئێستا بۆ ئەنجامدانی کردەی تێکدەرانە بقۆزرێتەوە، چونکە دواجار ھەموومان باجی کردەی تێکدەرانە دەدەین".
باسی لەوەیش کردووە، مستەفا کازمی ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە رێوشوێنی خێراییان بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی رەوشی ئەمنی لە پارێزگای میسان گرتووەتەبەر و گوتی: "فەرمانمان داوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان پێکبھێندرێت و دووبارە پلان بە ئامانجی چارەسەرکردنی پێشێلکارییە ئەمنییەکان لە پارێزگاکە دادەنێین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە رۆژانە لە رەوشی ئەمنی پارێزگای میسان دەکۆڵیتەوە و گوتی: "سەرجەم تاوانباران دەستگیر دەکرێن و رادەستی دادگا دەکرێن، بۆ ئەوەی سزای توند بدرێن، چونکە کەس لەسەروو یاساوە نییە".
مستەفا کازمی گوتیشی: "پاڵپشتیی پێشکەش بە دادگا و ھێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای میسان دەکەین، تا ئاسایش لە پارێزگاکە بەرقەرار بێت و یاسایش جێبەجێ بکرێت".
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەیش داوە کە مستەفا کازمی ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق نابێت بە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی حیساباتەکان و گوتی: "سەقامگیری عێراق، واتا سەقامگیری ناوچەکە و بەپێچەوانە عێراق سەقامگیر نەبێت، ناوچەکەیش سەقامگیر نابێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی میسان گەیشتە پارێزگاکە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت چەند رۆژێک لەمەوبەر دادوەری تایبەت بە دۆسیەی ماددە ھۆشبەرەکان، ئەحمەد فەیسەڵ و ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، حوسام عەلیاوی لە پارێزگای میسان باشووری رۆژھەڵاتی عێراق، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژران.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی دادوەر، ئەحمەد فەیسەڵ، ھەروەھا ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆ، حوسام عەلیاوی لە پارێزگای میسان شاندێکیان رەوانەی پارێزگاکە کردووە.