Zana Natık Kerem
09 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
لە میانی سێیەم رۆژی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە ھێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە رۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامی دەدەن، چوار حەشارگە لە ناوچەکە خاپوورکران.
دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوی کردەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەی کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە دوورگەی ئەلبومەرسوس رۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامی دەدەن بۆ سێیەم رۆژ بەردەوامە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی سێیەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، چوار حەشارگەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە خاپوورکراون.
دوێنێ سێشەممەیش فەرماندەی لیوای نۆی سەربە حەشدی شەعبی، عەبدولکەریم خلیف عەبودی رایگەیاندبوو لە میانی دووەم رۆژی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە دوورگەی ئەلبومەرسوس ئەنجامی دەدەن، ژمارەیەک حەشارگە لە ناوچەکە خاپوورکراون.
لە رۆژی دووشەممەی رابردووە، ھێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە دوورگەی ئەلبومەرسوس دەست پێ کردووە کە تا ئێستا بەردەوامە.