هه‌ولێر- AA
وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئایدن مه‌عروف پێی وایه واده‌ی پرۆژه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی سه‌باره‌ت به لامه‌ركه‌زیی، واده‌یه‌كی گونجاو نییه.
ئایدن مه‌عروف له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له رۆژی ٣٠ی نیساندا، بۆ پێكهێنانی لیژنه‌ی ئامادەکردنی ره‌شنووسی پرۆژه‌ی لامه‌ركه‌زیی، بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
ئایدن مەعروف ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه كه‌شێكی نه‌رێنی باڵی به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێردا كێشاوه، كاریگه‌رییه‌كانی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا درێژه‌ی هه‌یه، نرخی نه‌وت نزمن و كێشه‌گه‌لێكی زۆر له هه‌رێم هه‌ن و رایگه‌یاند: "ئه‌م پرۆژه‌یه یان بیرۆكه‌یه له‌ڕووی واده‌وه، راست نییه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌شه بوودجه له به‌غداوه بۆ هه‌ولێر نانێردرێت، له‌به‌ر ئه‌وه ناتوانرێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدرێت. له عێراق و له كوردستانیش، قه‌یرانی ئابووری هه‌یه. ناسهقامگیرییهك له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌یه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ناكۆكی زۆر له‌نێوان پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه. ئه‌مه له زۆر بواردا ده‌رده‌كه‌وێت".
- "له كارنامه‌ی حكوومه‌تدا هه‌یه"
وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی له‌وه‌كرد كارنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم چاكسازیی له زۆر بواردا له‌خۆده‌گرێت و یه‌كێك له بواره‌كانیش بریتییه له شۆڕكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوه‌ند بۆ ئیداره خۆجێیەکان و ئه‌وه‌ش به ته‌نها بۆ سلێمانی نا به‌ڵكو بۆ پارێزگاكانی دیكه‌شه، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "له كارنامه‌ی حكوومه‌تدا ئه‌م بابه‌ته باسكرابوو. له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م پرۆژه چاكسازییه‌دا، ده‌سه‌ڵاته‌كان له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه شۆڕدهكرێنهوه. ئه‌مه له‌چوارچێوه‌ی چاكسازییدا ده‌بێت. پێویسته هه‌ریه‌ك له هەولێر، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ش بگرێته‌وه. پرۆژه‌كه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش په‌سه‌ند ده‌كرێت".
ئایدن مه‌عروف ئه‌وه‌ی به ئاسایی زانی كه پرۆژه‌كه به ئامانجێكی كارگێڕیی پێشكهشكرابێت و ئه‌وه‌شی به یه‌كێك له بنه‌ماكانی دیموكراسیی زانی و رایگه‌یاند: "پێویسته پارته سیاسییه‌كانی ئێره له‌گه‌ڵ حكوومه‌تدا رێكبكه‌ون. ئه‌گه‌ر ئه‌مه سیاسیی بێت، یان ئامانجێكی دیكه‌ی هه‌بێت، مایه‌ی قبوڵكردن نییه. به‌ڵام باوه‌ڕم وانییه پرۆژه‌یه‌كی سیاسیی بێت. چونكه ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌كی سیاسیی له‌وجۆره هه‌بێت، ئه‌مه زیان به كیانی ئێره ده‌گه‌یه‌نێت، كاریگه‌ریی نه‌رێنیی ده‌بێت و له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته زیاتر كارگێڕیی بێت. ئه‌گه‌ر كارگێڕییش بێت، هه‌ندێك بابه‌تی تێدایه، بۆ نموونه بابه‌تی هه‌ڵبژاردن، یان پرۆژه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یان پرۆژه‌ی ده‌ستوور. ئه‌م پرسانه گرنگن، و ته‌نها له‌رێگه‌ی سازانه‌وه ده‌بن. به‌تایبه‌ت له‌نێوان گرووپه سیاسییه‌كاندا، بۆ نموونه له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كانی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێویسته سازان و رێككه‌وتن هەبێت. له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی تاكلایه‌نه پارتێك یان گرووپێكی سیاسیی ئه‌مه بكات، ئه‌مه به‌ڕاستی زیان به كیانه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت. زیان به په‌یوه‌ندیی نێوان پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت".
- "ئەگەر سياسيەتێك بێت لەدەرەوەى حكوومەت و ئيدارەوە ئەوە جێگەى قبوڵكردن نييە"
ئايدن مەعروف، سەرنجى بۆ ئەوە راكێشا كە لە ئێستادا دۆخى حكوومەتى هەرێمى كوردستان گونجاو نييە بۆ ئەو جۆرە بابەتانە و گوتى: "ئەم جۆرە پرۆژانە پێويستى بە لێكتەگەيشتن و رێككەوتنە و پێويستيشە لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت. ئەگەر لە پەرلەمان دەنگى لەسەر نەدرێت ئەم پرۆژەيە نابێت چونكە لە ئەنجامدا پێويستە حكوومەت و پەرلەمان لەسەر ئەمە رێكبكەون. ئەم لامەركەزييەتە تەنها بۆ سلێمانى نابێت بۆ هەولێر ودهۆك و هەڵەبجەش دەبێت. خۆى لە كارنامەى حكوومەتى هەرێمى كوردستان ئەمە هەيە. ئەگەر سياسيەتێك بێت لەدەرەوەى حكوومەت و ئيدارەوە ئەوە جێگەى قبوڵكردن نييە، جگە لەوەش لە رووى كاتەوە ئێستا هيچ گونجاو نييە".
ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، لە ساڵى ٢٠١٧دا پرۆژەى لامەركەزيى ئیداری پەسەندكرد، داواى ئەوە كردبوو كە شارەكە لە رووى ئيداریى و داراييەوە ببێتە خاوەن قەوارەيەكى تايبەت. ئەنجوومەنەكە لە كۆبوونەوەى ٢٣ى نيساندا بە واژووى ١٤ ئەندام داواى وردبينيان لە خەرجى و داهاتى پارێزگاكە كردبوو هەروەها داوایانکردبووە کە بەرپرسيارێتى دارايى شارەكە بدرێتە پارێزگار. فراکسیۆنی پارتى ديموكراتى كوردستان ئەو دانيشتنەى ئەنجوومەنەکەی بايكۆتكردبوو.
news_share_descriptionsubscription_contact

