Heman Hussein Yaseen
20 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2020
دهۆک - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەردی بناغەی ناوچەی پیشەسازیی لە دهۆک دانا، ئەمەیش دەبێتە سێیەم پڕۆژەی گەورە کە لە میانی دووهەفتەی رابردوودا، بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت.
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی، کەمال موسلیم بەردی بناغەی ناوچەی پیشەسازیی لە دهۆک دانرا.
لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند کە ئەم کابینەیە گرنگی تایبەت بە کەرتی ئابووریی دەدات و گوتی: "وەک دەزانن دەستپێکی ئەم کابینەیە پەیمانمان دا کە گرنگی بە کەرتی ئابووریی بدەین تا تەنها پشت بە یەک سەرچاوەی داھات نەبەستین، بۆ ئەم مەبەستەیش پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازیی، چاندن و بازرگانی یەکێک لەو بەڵێن و بەرنامانە بوو کە لە کارنامەی حکوومەتدا ھات، ئەمڕۆ خۆشحاڵم کە لێرە ئامادەین بۆ دانانی پڕۆژەی ئەم ناوچە پیشەسازییە لە پارێزگای دھۆک کە بەرھەم و خێرەکەی بۆ ھەموو کوردستانە".
مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرد و گوتیشی: "بێگومان ئەمە دوا پڕۆژە نابێت، راستە لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەمە سێیەمین پڕۆژەی ستراتیجییە دەستمان پێی کردووە، پشت بەخوا لە ھەموو کوردستان ئەم پڕۆژانە ئەنجام دەدرێن و بەرنامەمان ئەوەیە کە کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە پێش بکەوێت، حکوومەت ھەم بەرنامەی خۆی جێبەجێ دەکات ھەم لەگەڵ کەرتی تایبەت ھاوکار دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە پڕۆژانە".
لە رێورەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها راشیگەیاند کە حکوومەت گرنگی بە کەرتی تایبەت دەدات و لە ھەندێک پڕۆژەشدا لەگەڵ کەرتی تایبەت ئەم کارانە دەکات و گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە رزقی خەڵکی ئێمە لە دەستی خۆیدا بێت و چاوی لە دامەزراندن لە کەرتی گشتیی نەبێت، من خۆشحاڵم کە بەرنامەکانمان سەرەڕای ئەم قەیرانە ئابوورییەی تووشی کوردستان بووە، ئەم پەتایەی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، رێی لێمان نەگرتووە کە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بین".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە دۆخی ئاوارەکان کرد و گوتی: "دەزانین دۆخی ئەو خوشک و برایانەی ھاتوونەتە دھۆک لەوانەیە ناخۆش بێت، بەڵام دڵنیایین کە کەمتەرخەمی نەکراوە و ئەوەی لەدەستماندا ھاتبێت کردوومانە و ھەموو ھاوکارییەکیش لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بەغداش دەکەین تا ئەو خوشک و برایانە بگەڕێنەوە جێگەی خۆیان".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەت و رایگەیاند کە دەردەکەوێت ئەم سیاسەتەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان چەندە جددییە.
ناوچەی پیشەسازیی خۆراک دەکەوێتە ناوچەی کاشێ لە سنووری قەزای سێمێل سەربە پارێزگای دھۆک و یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی پیشەسازیی و ئەو رێگەیەی کە پڕۆژەکەی لەسەر بونیاد دەنرێت لە نزیک دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیلە و پڕۆژەکە لەسەر رووبەری هەزار و ٤٢٣ دۆنم زەوی دروست دەکرێت کە نزیکەی ٢٧٥ کارگەی جۆراوجۆری خۆراکی لێ دەبێت و دەتوانێت زۆربەی بەروبوومی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت.
ناوچەی پیشەسازیی خۆراک هەروەها ٢٢٩ کۆگا لەخۆدەگرێت کە توانایان دەبێت بەروبوومی جووتیاران بۆ ماوەی چەندین مانگ ھەڵبگرن، جگە لەوانەیش، پڕۆژەکە ژمارەیەک ھۆتێل، مۆتێل و رێستۆرانت و شوێنی دیکەی خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت و بۆ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە ٧٠ ملیار و ١٢٨ ملیۆن دینار تەرخانکراوە.