Heman Hussein Yaseen
12 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2025
هەولێر - AA
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان - عێراق نێجیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆ ببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق عەبدوللەتیف ڕەشید، سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران مەحموود مەشھەدانی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری فایەق زێدان و، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی جاسم محەمەد عەبود کۆ دەبێتەوە.
ھەروەھا لە سەردانەکەدا، نێچیرڤان بارزانی جگە لەوەی لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشدار دەبێت ھاوکات لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالکی، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، عەممار حەکیم کۆدەبێتەوە.
سەردانەکەی بارزانی ئێوارەی ئەمڕۆ دەست پێدەکات و بڕیارە سبەی دووشەممە بگەرێتەوە ھەولێر.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو تەوەرانەی سەرۆکی ھەرێم گفتوگۆی لەسەر دەکات بریتییە لە شایستەداراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بابەتی دەروازە سنوورییەکان و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان.