Heman Hussein Yaseen
14 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2020
ههولێر - AA
رۆژی ١٤ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19 )، قەدەغەکردنی ھاتوچۆی بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر لە ھەریەک لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی راگەیاند.
تا رۆژی راگەیاندنی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، ٢٨ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کرا لەو ژمارەیەش؛ ٢٠ حاڵەت لە سلێمانی و هەشت حاڵەت لە ھەولێر بوون، ھەمان رۆژ ٥٢٣ ھاووڵاتیی کەرەنتین کران و لەو ژمارەیەش ٤٠٠ کەس لە ھەولێر، ٢٥ لە سلێمانی، ٨٩ لە دھۆک، سێ لە ھەڵەبجە و شەش کەسیش لە گەرمیان بوون، ھەروەھا لە کۆی سێ ھەزار و ٧٤٢ ھاووڵاتیی، تەنها ھەزار و ٣٥٢ ھاووڵاتیی لە رۆژی ١٤ی ئاداردا لە کەرەنتیندا، مابوون.
لە دووەم رۆژی قەدەغەکردنی ھاتوچۆدا، ژمارەی تووشبووان بەرزبوویەوە و گەیشتە ٣٤ کەس و لەو ژمارەیش چوار حاڵەتیان چاکبوونەوە و گەڕابوونەوە ناو خێزانەکانیان، ھاوکات ١٥١ پشکنینیش بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدرا کە تیایدا ٩١ پشکنین لە ھەولێر، ٤٨ لە سلێمانی و ١٢ پشکنین لە دھۆک ئەنجامدرا بوو.
رۆژی ١٥ی ئادار وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆی لەنێو شارەکانی ھەولێر و سلێمانی بۆ ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژکردەوە، ھاوکات رۆژی ١٧ی ئادار، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بوودجەی دووەمی فریاکەوتنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا تەرخان کرد.
رۆژی ١٩ی مانگ، یەکەم تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە شاری دھۆک تۆمار کرا کە پیاوێکی ٥٠ ساڵان بوو و لە وڵاتی ئەڵمانیا گەڕابووەوە، ھەر ھەمان رۆژ، وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی پڕۆژەی بەئۆنڵاینکردنی داتاکانی پەتای کۆرۆنای لە ھەرێمی کوردستان و کاراکردنی ھێڵی گەرمی ١٢٢ی راگەیاند.
لە رۆژی ٢٢ی ئادار، ١٠ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی راگەیەندرا کە حەوتیان لە قەزای دەربەندیخان بوو، ھەر ھەمان رۆژ وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە پێویستە دەربەندیخان بەتەواوی کەرەنتین بکرێت و رووپێوی پشکنینی بۆ بکرێت چونکە زۆنی ترسناکی بڵاوبوونەوەیە.
هەمان رۆژ (٢٢ی ئادار)، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم قەدەغەکردنی ھاتوچۆی تا یەکی نیسان درێژکردەوە و رۆژی دواتر بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و جگە لە قەدەغەکردنی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل، قەدەغەکردنی ھاتوچۆی پیادەش راگەیەندرا.
رۆژی دواتر کە دەکاتە ٢٣ی ئاداردا، ١٢ حاڵەتی تووشبوون لە شاری ھەولێر تۆمار کرا کە نۆ کەس لەوان بەرکەوتەی تووشبوویەکی کۆمەڵگای سێبیران بوون و بەمەش وەزارەتی تەندروستیی، کۆمەڵگای سێبیران-ی کەرەنتین کرد و دەستی کرد بە رووپێو و پشکنین بۆ دانیشتووانەکەی، ھاوکات دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانیش لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا.
ھەر ھەمان رۆژ (٢٣ی ئادار)، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەیامێکد، داوای لە ھاووڵاتییان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە و پابەندی رێنماییەکان بن و راشیگەیاند کە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ تا یەکی نیسان، درێژکراوەتەوە و پەیوەندییەکان سنووردار بکەن و ژیانی کەسانی دیکە مەخەنە مەترسییەوە و جەختی لەوەشکردەوە کە پشتیوانی ھاووڵاتییان دەتوانێت رێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرێت.
رۆژی ٢٦ی ئادار، ژمارەی تووشبووان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتە ١٠٠ کەس و لەو ژمارەیەش ٦٧ لە سلێمانی، ٣١ لە ھەولێر و دوو حاڵەت لە دھۆک تۆمارکرابوون.
رۆژی ٢٩ی ئادار، ١٤ تووشبووی نوێ لە شاری سلێمانی راگەیەندرا کە دوو لەوان ھیچ پێشینییەکی گەشتکردنیان نەبوو، ھاوکات رۆژی دواتر ھەشت تووشبووی نوێ لە شاری ھەولێر تۆمارکرا، جگە لەوەی رۆژانە بەشێوەیەکی بەردەوام ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ روو لە بەرزبوونەوە بووە و بە شێوەیەکی گشتیش تا رۆژی یەکی نیسان ژمارەی تووشبووان لە ھەرێمی کوردستان بۆ بەرزبووەوە بۆ ١٧٦ حاڵەت و وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە ھۆکاری تووشبوونی ١٣٩ حاڵەت بە رێژەی سەدا ٧٩ لە کۆی تووشبووانی کۆرۆنا بەھۆی پابەندنەبوونە بە رێنمایی تەندروستییەکان و بەرکەوتنی یەکتر بووە.
رۆژی یەکی نیسان یەکەم حاڵەتی تووشبوون تۆمارکرا کە بەشداری لە پرسەیەکی گەڕەکی کارێزانی شاری ھەولێر کردبوو، ئەمەش وایکرد کۆی تووشبووانی ئەم پرسەیە لەمیانی دوو ھەفتەدا، بۆ زیاتر لە سەد کەس بەرزبکاتەوە و تا رۆژی پێنجی نیسان ژمارەی بەرکەوتووان گەیشتە ٢٥ کەس.
رۆژی شەشی نیسان، ٤١ تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە شاری ھەولێر راگەیەندرا کە ٣٩ لەوان بەرکەوتەی پرسەکەی کارێزان-ی شاری ھەولێر بوون و بەمەش کۆی تووشبووانی پرسەکە گەیشتە ٦٤ کەس و رۆژی دواتر بەھۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە لە پرسەکەی گەڕەکی کارێزان، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر دلۆڤان محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە بەھۆی بەڕێوەچوونی دوو پرسە لە گەڕەکی کارێزان-ی شاری ھەولێر تا ئێستا ٧٦ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەمھۆیەوەشەوە نۆ گەڕەک لە شاری ھەولێر، دوو گوندی دەورووبەری ھەولێر و دوو شوێنی دیکەش لە سنووری پارێزگای ھەولێر کە دەکەونە ناحیەی سیدەکان و گەڕەکێکی قەزای سۆران کەرەنتین کراون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا کۆی تووشبووان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٣٣١ کەس و لەو ژمارەیەش ١٦٩ لە ھەولێر، ١٢٦ لە سلێمانی، ١٥ لە دھۆک و ٢١ حاڵەتیش لە ھەڵەبجە و چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە کە سەرجەمیان لە پارێزگای سلێمانی بوون.
ژمارەی ئەو کەسانەی کە چاکبوونەتەوە بریتین لە ١٩٥ کەس و لەو ژمارەیەش ٧٤ لە ھەولێر، ١٠١ لە سلێمانی، ١٢ لە دھۆک و ھەشت لە ھەڵەبجە.
ژمارەی ئەو کەسانەیشی لە نەخۆشخانەکان لەژێر چاودێری پزیشکیدان بریتین لە ١٣٢ کەس و لەو ژمارەیەش ٩٥ لە ھەولێر، ٢١ لە سلێمانی، سێ لە دھۆک و ١٣ لە پارێزگای ھەڵەبجە.
رۆژی ٢٦ی شوبات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19 )، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی داخست و رۆژی یەکی ئاداریش، یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە شاری سلێمانی تۆمارکرا کە چوار کەس بوون و دوای ئەوەش رێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و رۆژی ١٣ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا، چەند بڕیارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بەپێی بڕیارەکە لە کاتژمێر ١٢ی شەو، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، قەدەغەکردنی ھاتوچۆی ناوشاری لە ھەولێر و سلێمانیی راگەیاند، رۆژی ١٥ی ئادار، جارێکی دیکە وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەکردنی ھاتوچۆی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژکردەوە. لە رۆژی ٢٢ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم قەدەغەکردنی ھاتوچۆی تا یەکی نیسان درێژکردەوە و رۆژی دواتر بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد، سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و جگە لە قەدەغەی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل، ئەوا قەدەغەکردنی ھاتوچۆی پیادەش راگەیەندرا. رۆژی یهكی نیسان، بۆ جاری چوارهم قهدهغهی هاتوچۆ تا ١٠ی نیسان درێژكرایهوه و رۆژی ١٠ی نیسانیش بۆ جاری پێنجهم قهدهغهکردنی هاتوچۆ تا ١٦ی نیسان درێژكراوهتهوه و بهردهوامه.