Zana Natık Kerem
08 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە شەش تیرۆریستی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین باكووری عێراق، دەستگیركراون.
لە راگەیەندراوێكدا ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە كە هێزەكانیان پشت بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی و لە میانی ئۆپەراسیۆنێكدا، شەش تیرۆریستی داعشیان لە ژمارەیەك ناوچەی سنووری پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیركردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەو دەستگیركراوانە، پێشتر لە سنووری پارێزگای كەركووكەوە بەرەو ناوچەكانی سنووری پارێزگای سەڵاحەددین هەڵاتبوون.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە، تیرۆریستە دەستگیركراوەكان دانیان بەوەداناوە كە بەشدارییان لە چەندین كردەی تیرۆریستی دژبە هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییان لە ناوچەكانی پارێزگای سەڵاحەددین، كردووە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە تیرۆریستییەكان دوای وەرگرتنی گوتەكانیان، بە مەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا رەوانەی لایەنی دادوەریی كراون.