Heman Hussein Yaseen
08 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە ئەو کارەبایەی حکوومەتی عێراق بە نیازە لە تورکیا و ھەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی خواروو رایکێشێت، بەمەرجێک رەزامەندی لەسەر دەدەین کە کاریگەری نەبێت لەسە کەمبوونەوەی کارەبای ھەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە، حکوومەتی عێراق بەنیازە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ شارەکانی خۆی رابکێشێت و لە ئەگەری ئەو کارەدا، مەرجی خۆمان دەبێت.
راشیگەیاندووە: "زانیاریمان پێ گەیشتووە کە حکوومەتی عێراق بەرنامەی ھەیە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بکرێت بۆ ئەو مەبەستە ئەو بابەتەمان وەک وەزارەتی کارەبا تاوتوێکردووە بەڵێنمان داوە بە مەرج رێگە پێدانەکە بە بەغدا بدەین".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە کە، بەو مەرجە کارەبا بە بەغدا دەدەن کە کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی کارەبای ھەرێمی کوردستان نەبێت.
ئاشکرایشی کردووە کە، حکوومەتی عێراق بەنیازە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ شارەکانی خۆی رابکێشێت و لە ئەگەری ئەو کارە، مەرجی خۆمان دەبێت و، نابێت ئەو کارەبا پێدانە ھیچ کاریگەریەکی لەسەر کەمکردنەوەی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و بەغداش سووتەمەنی بۆ یەکە لەکارکەوتووەکانی کارەبای ھەرێمی کوردستان دابین بکات و کارەباکە لەو یەکانەوە ببات.
ناوبراو باسی لەوەشکردووە کە، ھەرچەندە ئەو یەکانەی لەکار کەوتوون ھی وەبەرھێنەرانە، بەڵام ھەرکات حکوومەتی عێراق ئەو مەرجانەی جێبەجێ کرد و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش رەزامەند بوون، ئەوکات رێگەی پێ دەدرێت.
پێشتریش وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندبوو کە لە چەند رۆژی داھاتوودا بڕی ٢٠٠ مێگاوات کارەبا لە تورکیا و، بڕی ٤٥٠ مێگاواتیش لە رێگەی ھێڵی خورمەڵە- کەرکووک دەگەیەننە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.