Sarmand Hameed
22 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە دوێنێ هەینی کرایە سەر خاڵێکی هێزەکانی سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێم سەربە پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
لەو راگەیەندراوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە "بەتوندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی چەکدارانی داعش بۆسەر سوپای عێراق دەکەین، کە بەهۆیەوە کۆمەڵێک لە جەنگاوەرانی فیرقەی یەکی سوپای عێراق لەناحیەی (عوزێم) لە پارێزگای دیالە، شەهیدبوون".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بەردەوامی ئەم کردەوانە، ئەرکمان لە پێکەوەیی و بەردەوامی هەمەهانگیی و هاوکارییەکان لە راوەدوونانی تیرۆریستان زیاتر دەکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دۆخی ئێستای ناوچەکە و دەرکەوتنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکان و زیندبوونەوەی شانە نووستووەکان مەترسییەکی هەستپێکراوەو، هەماهەنگی و رۆڵبینینی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەدیاریکراوی لە ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەیە، پێویستییەکی هەنووکەییە".
لە راگەیەندراوەکە ئەوە دووپات کراوەتەوە کە وەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کارە تیرۆريستییە، داوا دەکات پێداچوونەوە و رێوشوێنی جددی بگرێتەبەر بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەپێناو راوەدوونان و تێکشکاندنی تەواوەتی شانە نووستووەکانی تیرۆریستان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەو بۆنە خەمناکەوە، هاوخەمی خۆمان دووپاتدەکەینەوە، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم روداوە و تەواوی خانەوادەی شەهیدانی ماوەی رابردووی پەلامارە تیرۆریستییەکانی داعش دەکەین".
دوێنێ هەینی، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سهر خاڵێکی هێزەکانی سوپای عێراق لە ناحیهی عوزێم سەربە پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و له ئاكامدا ئەفسەرێک و ١٠ سەرباز کوژران.