08 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2020
بەغدا ـ AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین باكووری عێراق راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، دوای پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیاری هەواڵگرییانەی كە لە لایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە سەبارەت بە بوونی ئەشكەوت و حەشارگەی داعش لە ناوچەكانی دۆڵەی سەرسار باكووری رۆژئاوای سەڵاحەددین پێشكەشكرابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، هێزە عێراقییەكان ئۆپەراسیۆنێكیان لە ناوچەكە دەستپێكردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەددین، هێزەكانی سوات، پۆلیسی سەڵاحەددین و حەشدی شەعبی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا دەكەن.
ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، پشتیوانی لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش دابینكراوە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكە باس لەوەكراوە كە بەر لەدەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە، ژمارەیەك پیگەی داعش لە ناوچەكە لە لایەن فڕۆكەكانی جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش بۆردومانكراوە.