Rewa Mahmood Hasan
09 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ لە شاری سلێمانی، سێ تۆمەتباریان دەستگیر كرد كە هێرشیان كردبووە سەر دوو هاووڵاتی و پارە و موبایلەكانیان لێسەندبوون.
دوای ئەوەی رۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢١، دوو هاووڵاتی سكاڵایان لە بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ تۆمار كرد كە لە شاخی ئەزمەڕ لەلایەن سێ کەسی نەناسراوەوە، هێرشیان كراوەتە سەر و لێیان دراوە و پارە و موبایلەكانیان لێسەندراوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی ناوشار/رۆژهەڵاتی راسپارد كە هەستن بەدۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران.
لە راگەیەندراوێکدا کە پۆلیسی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە ئاماژە بەوە دراوە کە پۆلیس، لێكۆڵینەوەكانی دەست پێ كردووە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانراوە هەمان شەو تۆمەتباری یەکەم (ھ، ف، ع لەدایكبووی ١٩٨١ ) دەستگیربكرێت و دوای ٢٤ کاتژمێر تۆمەتباری دووەم (ف، س، ت لەدایكبووی ١٩٩١ ) دەستگیرکرا.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی-دا هاتووە "لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سێیەم كە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو بەردەوام بوو، سەرەنجام دوای ٢٠ رۆژ توانرا تۆمەتبار (ج، م، س لەدایكبوی ١٩٨٤ دەستگیربكرێت) كە تۆمەتبار پێشتر سزادراوە لەسەر تاوانی دزیكردن".
لەئێستادا هەرسێ تۆمەتبارەكە دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا و بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەكەیاندا گیراوە.
پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات هەرکەسێک لە شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ ڕێگری لێكراوە و پارە و مۆبایلی لێسەندراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ بكات بۆ ناسینەوەی تۆمەتباران و تۆماركردنی سكاڵا لەسەریان.