Abdulhameed Husseın Karam
31 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشوی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی لە پەیامێکدا رایگەیاند "بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم و ھیوای خێر و خۆشیان بۆ دەخوازم. لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان بکەم کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بە ڕووی تەحەددیاتدا وەستاون و سەختی و زەحمەتیی زۆریان بینیوە.
سوپاس بۆ خودای گەورە و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵک، ئێستا ھەرێمی کوردستان بە ئاراستەی بووژانەوە و چاکسازی و سەقامگیری ھەنگاو دەنێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نالەبارەی کە لە عێراقدا ھەیە ئێمە ھەمیشە خوازیاری چارەسەربوونی کێشەکان و ژیانێکی سەربەرزانە بۆ تێکڕای خەڵکی عێراق بووینە و لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار ھۆشداریی ئەوەمان داوە کە عێراق بەرەو ھەڵدێڕ دەڕوات و جەختمان لەوە کردووەتەوە ئەگەر بنەماکانی حوکمێکی مەدەنی و دەستوور جێبەجێ نەکرێن عێراق تووشی چارەنووسێکی نادیار دەبێت.
بە پیی ھەوالێکی ماڵپەری مەسعود بارزانی لە پەیامەکەيدا ھاتووە ئێستایش بە نیگەرانییەکی زۆرەوە موتابەعەی گرژی و ڕووداو و پێشھاتەکانی ئەو دواییەی عێراق دەکەین. لەو بڕوایەداین کە نابێ لایەنە عێراقییەکان ڕێگە بدەن وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی گرفت و ململانێ و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی تر. ھەروەھا بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی داوا ڕەواکانی خۆپێشاندەران و گەڕانەوەی سەقامگیری و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەکەین و لەگەڵ ھەر گۆڕانکارییەک داین و یارمەتیدەری ھەر ڕێگەیەک دەبین کە ببێتە ھۆی چارەسەربوونی کێشەکان و بەدیھاتنی دادپەروەری و داواکارییەکانی خەڵک. لەگەڵ ھەموو ئەوەیشدا ھەر ھەوڵێک ڕەت دەکەینەوە کە ببێتە ھۆی پاشەکشەی دیموکراسی یان ئەوەی ماف و دەستکەوتی پێکھاتەکان و گەلی کوردستان بخاتە ژێر ھەڕەشەوە. چونکە ھۆکاری سەرەکیی گرفتەکانی عێراق پێشێلکردنی دەستوور و ئیدارەدانی ھەڵە و تاکڕۆیی بووە نەک ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و پێکھاتەکان.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و کاروباری دامودەزگاکانی ھەرێم، مەسعود بارزانی رایگەیاند " پشتگیریی بەرنامە و کاری سەرۆکایەتیی ھەرێم و پارلەمان و حکوومەتی ھەرێم دەکەین بۆ بەڕێوەبردن و، چەسپاندنی چاکسازیی کە داواکاریی خەڵکی کوردستان و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانە. ھەروەھا جەختیش لە پتەوترکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان و قووڵترکردنی ئەو فەرھەنگە بەرزەی گەلەکەمان دەکەینەوە کە بووەتە ھۆی تەبایی و ئاشتی و برایەتی نێوان پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان و ئەم پێکەوەژیانە وەک گلێنەی چاومان دەپارێزین.
لە کۆتاییدا دەلێت ئومێدی ئەوە دەخوازم ساڵی تازە ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ ھەموو ھاووڵاتیانی کوردستان و عێراق و ئاشتیی گشتگیر لە ناوچەکەمان و جیھاندا بێتە دی.