Sarmand Hameed
13 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2020
بەغدا - AA
لە ئاکامی تەقینەوەیەک و دوو هێرشی جیادا لە سێ پارێزگای عێراق، دوو کارمەندی ئەمنی و هاووڵاتییەک کوژران، هاوکات سوپای عێراق کوژرانی ژمارەیەک تیرۆریستی لە بەغدای پایتەخت راگەیاند.
ئەفسەر لەپۆلیسی دیالە، ملازم شەعلان کاملی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆمبێکی چێنراو کە زۆرجار تیرۆریستانی داعش دەیچێنن، بە دەورییەیەکی پۆلیسی فریاکەوتنی دیالەدا تەقییەوە".
شەعلان کاملی گوتیشی: "لە ئاکامی تەقینەوەکەدا پۆلیسێک کوژرا و دووی دیکە برینداربوون".
ناوبراو راشیگەیاند، بریندارەکان بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی پێویست، گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، نەقیب حاتەم جابری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە ناوچەی جەرەف نەداف باشووری بەغدا دەستڕێژی گوللـەیان لە هاووڵاتییەک کرد".
حاتەم جابری گوتیشی: "لە ئاکامی ئەو رووداوەدا، دەستبەجێ هاووڵاتییەکە گیانی لەدەستدا".
بە گوتەی حاتەم جابری، چەکدارەکان دەمانچەی بێدەنگیان بەکارهێناوە و دوای ئەو رووداوە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
ناوبراو راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکە دەستپێکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەفسەرێک لە پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، دوو چەکدار لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەیان لە چەکدارێکی حەشدی شەعبی کرد لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی قادسییە باشووری شاری کەرکووک (ناوەندی پارێزگای نەینەوا).
ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە ئاکامی ئەو رووداوەدا چەکدارەکە کوژرا و تەقەکەرەکانیش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
راشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەستپێکراوە و گومان دەکرێت تیرۆریستانی داعش ئەو کردەیەیان ئەنجام دابێت.
لە پێشهاتێکی دیکەدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا سەربە سوپای عێراق کوژرانی ژمارەیەک تیرۆریستی داعش راگەیاند کە پێشتر خاڵێکی ئەمنییان لە رۆژئاوای بەغدا کردبووە ئامانج.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای نزیکەی ١٠ کاتژمێر چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوام، هێزەکانیان ژمارەیەک چەکداری داعشیان کوشتووە.
لە راگەیەنراوەکەدا هیچ وردەکارییەکی دیکە نەخراوەتەڕوو.
لەلای خۆیەوە، دەزگای هەواڵگری سەربازیی دەستگیرکردنی بەرپرسێکی داعشی لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند.
هەواڵگری سەربازیی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستگیرکراوەکە بەرپرسی پڕچەککردنی بەناو میحوەری بیابانی ئەنباری داعش بووە.
راشیگەیاندووە کە دەستگیرکراوەکە بەماددەی چواری تیرۆر داواکراوبووە.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا کە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ کۆنترۆڵی کردبوو.
وێڕای ئەوەی سهرۆكوهزیرانی پێشووتری عێراق، حهیدهر عهبادی لە ساڵی ٢٠١٧دا، سهركهوتنی بهسهر ئهو رێكخراوهدا راگهیاند و ھێزەکانی عێراق داعشیان لە ناوچەکاندا شکست پێهێناوە و شارەکانيان ئازادکردووە، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تاکو ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەکانیان بهتایبهت لە گوندەواری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار.