Zana Natık Kerem
13 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی بوودجە بۆ پڕۆژەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەسەرجەم قەزا و ناحیەکانییەوە بە بڕی ٦٥ ملیار و ٦٨٢ ملیۆن دینار لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆساڵی ٢٠٢١ و ھەروەھا دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی بوودجە بۆ پڕۆژەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بەسەرجەم قەزا و ناحیەکانییەوە بە بڕی ١٢ ملیار و ٥٤٦ ملیۆن دینار لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی بوودجە بۆ پڕۆژەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بەسەرجەم قەزا و ناحیەکانییەوە بە بڕی ١٦ ملیار و ٩٧٤ ملیۆن دینار لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆساڵی ٢٠٢١.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەروەها سەبارەت بە دەوامی فەرمانبەران و لێبڕینی مووچە گفتوگۆکرا.
لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد ئەمین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە لەم خولەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا، دوای دەستبەکاربوونی لە ٢٤ی حوەزیرانی ٢٠١٤دا، بۆ یەکەمجار بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بە ژمارە ھاتووەتە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەو بوودجەیەش کە ھاتووە، پشکەکانی پارێزگای سڵیمانی، ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای ھەڵەبجەیش بەجیا ھاتووە کە وەزارەتی پلاندانان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابەشی کردووە و بوودجەکەیش کە لە بوودجەی گشتیی عێراق بۆساڵی ٢٠٢١ بۆ بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکاندا، دیاریی کراوە.
ئازاد محەمەد ئەمین گوتی: "لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکاندا، پشکی پارێزگای سلێمانی بە بڕی ٦٥ ملیار و ٦٨٢ ملیۆن دینار و پشکی ئیدارەی گەرمیان بە بڕی ١٢ ملیار و ٥٤٦ ملیۆن دینار و پشکی ئیدارەی راپەڕینیش بە بڕی ١٦ ملیار و ٩٧٤ ملیۆن دینار دیاریی کراوە".
ئاماژەی بەوەیشدا کە بەدەنگی ئەندامانی ئامادەبووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، جگە لە یەک ئەندام، کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پەسەندکرا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد ئەمین باسی لەوەش کرد، سەبارەت بە دەوامی فەرمانبەران و لێبڕینی مووچە گفتوگۆکراوە و رایگەیاند لەوبارەیەوە سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، کۆتایی پێ بھێندرێت و گوتی:
"ئێمە وەک ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئەوەداین، لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، کۆتایی پێ بھێندرێت و ھاوسەنگی لەنێوان دەوام و مووچەی فەرمانبەراندا دروست بکرێت".