Rewa Mahmood Hasan
06 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2020
سلێمانی-AA
کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە دەستی پێکرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری و ئەندامییەتی هەریەک لە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، پشتیوان سادق گەیشتە شاری سلێمانی و لەگەڵ شاندی باڵای یەکێتی لە دەباشان کۆبوونەوە، دواتر سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان-یان کرد لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەکە لە گردی زەرگەتە و لەئێستادا لە کۆبوونەوەدان.
لایەنی بزووتنەوەی گۆڕان پێکهاتووە لە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری ژوورەکان.
ئەم کۆبوونەوانە لەکاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو هەریەک لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان لە هەولێر کۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەکان بەرلە ئەنجامدانی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی رۆژی سێشەممەی داهاتووی نێوان پارتی، یەکێتی و گۆڕان، سبەی دووشەممە هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە.