Ozhin Ramadhan Salih
18 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2021
کەرکووک - AA
شەوی رابردوو ژن و مێردێک لە ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکوک کوژراون.
عامر نوری گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەسەر رووداوەکە گوتی: "رووداوەکە دزیکردن بووە کە دوای کوشتنی ژن و مێردەکە، ماڵەکە شێوێندراوە وەک ئەوەی بەدوای پارە و ئاڵتوندا گەڕاون و ئۆتۆمبێلی ماڵەکەیان دزراوە".
عامر نوری گوتیشی: "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کە تا ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە، دەستی پێ کردووە و تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی کەرکووک کراون".
بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی پۆلیس، ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانە دۆزراوەتەوە و تا ئێستا هیچ سەرداوێک لەسەر تاوانەکە دەست نەخراوە.
هاوڕێ قەحتان کە شایەتحاڵی رووداوەکەیە دەڵێت، "بەیانی ئەمڕۆ قەرەباڵغیان لە پێش ماڵێک بینیوە و کە چووەتە ناو ماڵەکەوە، دەبینێت ژن و مێردەکە کوژراون و سەریشیان بڕاوە".
بە پێی لێدوانی خەڵکی گەڕەکەکە "ژن و مێردەکە تورکمان و خاوەنی یەک منداڵن".
شوێنی رووداوەکە چۆلەوانییە و هاوکات کامێرای چاودێری ماڵەکە لە لایەن ئەو کەس یان کەسانەوە دزراوە کە هاتوونەتە سەر ئەو خێزانە.