Zana Natık Kerem
22 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی رایگەیاند کە بەھۆی ھێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لە ساڵی ٢٠١٤دا، ٣٦٠ ھەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و ژمارەی ئەو کەسانەیش کە تا ئێستا گەڕاونەتەوە قەزاکە، گەیشتووەتە ١٥٠ ھەزار کەس.
نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی دوایین ئاماری لەبارەی ئەو تاوانانەی کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سێ ئابی ٢٠١٤ بەدواوە بەرامبەر کوردانی ئێزدی لە قەزای شنگال ئەنجامی دا، بڵاوکردەوە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە.
لە ئامارەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ژمارەی کوردانی ئێزدی لە قەزای شنگال بەر لەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھێرشی بکاتە سەر، ٥٥٠ ھەزار کەس بوون و ھاتووە "بەھۆی ھێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر قەزای شنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا، ٣٦٠ ھەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و ژمارەی ئەو کەسانەیش کە تا ئێستا گەڕاونەتەوە قەزاکە، گەیشتووەتە ١٥٠ ھەزار کەس، ئەمە جگە لەوەی ١٠٠ ھەزار کوردی ئێزدی بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە، روویان لە دەرەوە کردووە".
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە ئاکامی ھێرشەکانی داعش بۆسەر قەزای شنگال، ھەزار ٢٩٣ کەس کوژران.
نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە ھێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر قەزای شنگال، بووە ھۆی ئەوەی دوو ھەزار و ٧٤٥ منداڵ بێ دایک و بێ باوک بن و راشیگەیاندووە کە تا ئێستا ٨٢ گۆڕی بەکۆمەڵ، ھەروەھا دەیان گۆڕی تاکە کەسی لە قەزاکە دۆزراونەتەوە.
ئامارەکە ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە میانی ھێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر شنگال لە ٢٠١٤دا، ٦٨ مەزارگەی ئێزدی لەلایەن رێکخراوەکەوە تەقێندراونەتەوە.
بەپێی ئامارەکە شەش ھەزار و ٤١٧ کوردی ئێزدی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، رفێنرابوون کە سێ ھەزار و ٥٤٨یان کچن و دوو ھەزار و ٨٦٩ی دیکەیشیان کوڕن.
نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی لە ئامارەکەدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەدەستی داعش رزگارکراون خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە کە تا ئێستا، سێ ھەزار و ٥٥٢ رفێنراوی ئێزدی لە دەستی داعش رزگاکراون کە ھەزار و ٢٠٧یان ئافرەتن، ٣٣٩یان پیاون، ھەزار و ٥٠یان کچن و ٩٥٦ دیکەیشیان کوڕن.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ١٤٦ رفێنراوی کوردی ئێزدی بەدەستی داعش کوژراون کە تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و رایگەیاندووە کە ھێشتا دوو ھەزار و ٧١٩ رفێنراوی ئێزدی لەدەستی داعشدا ماون و رزگارنەکراون کە ھەزار و ٢٤٧یان کچن و ھەزار و ٤٤٥ی دیکەیشیان کوڕن.