سلێمانی
وا بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری سلێمانی دامەزراندنی پارتێکی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان رابگەیەنرێ.
بەپێی قسەی دامەزرێنەری پارتەکە، هێشتا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان وەرنەگرتووە.
ئاسۆ کەریم زەند، دامەزرێنەری (پارتی ژینگەی کوردستان) کە بڕیارە ئەمڕۆ دامەزراندنی پارتەکەیان رابگەیەنێ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " ئامانجمان لە دروستکردنی پارتی ژینگەی کوردستان، گرنگیدانە بە ژیگەپارێزیی لە کوردستان، چونکە هەست دەکەین ئەو کەرتە فەرامۆشکراوە و گرنگی ئەوتۆی پێنادرێ. لەڕێی چالاکییەکانمانەوە دەمانەوێ ئاستی هۆشیاریی خەڵک بۆ پارێزگاریی لە ژینگە بەرز بکەینەوە."
زەند روونیکردەوە، دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی ژینگە پێنج کەسن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر خەڵک ئامادەیە کاریان لەگەڵ بکا و نایانەوێ چالاکییەکانیان تەنیا لە شاری سلێمانیدا قەتیس ببێ.
زەند زیاتر گوتی: "پەیوەندییەکی جیهانیمان دروستکردووە و لەگەڵ ١٦ وڵات قسەمان کردووە و پەیوەندیمان دەبێ. لەگەڵ ئەو لایەنانەی قسەمان کردووە، پشتگیریمان دەکەن."
وا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لایەن دەستەی دامەزرێنەرەوە، ناو و کارنامەی پارەتەکە ئاشکرا رابگەیەنرێ.