Rewa Mahmood Hasan
05 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2022
سلێمانی - AA
بەئامانجی رەخساندنی هەلی کار و ئاشناکردنی هاووڵاتییان بە بەرهەم و جلوبەرگی کوردەواری، فێستیڤاڵی کاری دەستی خانمان کرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی، یەکەمین فێستیڤاڵ بۆ ٦٠ خانمی دەستڕەنگین کە بە نمایشکردنی پۆشاکی رەسەنی کوردەواریی و پێشکەشکردنی خواردنە کوردەوارییەکان بەشدارن دەستی پێ کرد.
رێکخەری فێستیڤاڵەکە، هەردی عادل لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک گرووپی هونەری ئاکتینگ بیرمان لەوە کردەوە کە لە ساڵی نوێدا بەمەبەستی رەخساندنی هەلی کار و نمایشی کاری خانمان، فێستیڤاڵێک رێک بخەین بۆ جلوبەرگ و پۆشاک و خۆراکی کوردی کە خانمان بتوانن ئەو کەلوپەل و پۆشاکانەی هەیانە، ساغی بکەنەوە و ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆیان، هاوکات پەیوەندیەک دروست بکەن بۆ پلانی هاوبەشی داهاتووی خۆیان تاوەکو پێکەوە کار بکەن بەشێوەی دەستەجەمعی جگە لەوەش ئامانجێکی تری ئەم فێستیڤاڵە ئاشناکردنی هاووڵاتییانە بە بەرهەمی ناوخۆیی، کە تیایدا ٦٠ ئافرەت بەشدارن لە فێستیڤاڵەکەدا کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت".